"سێ رۆژ بوو تەرمی زاهید بریفکانی لە ماڵەکەیدا مابوویەوە"
رووداو – هەولێر
دوێنێ 22-ی ئەم مانگە، لە شاری دهۆک تەرمی هونەرمەند زاهید بریفکانی، لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کەسێک لە ماڵباتی ئەم هونەرمەندەش بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، کە ناوبراو بە چەقۆ کوژراوە.
هێمن ئەتروشی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، زاهید بریفکانی زیاتر لە رۆژێک بوو کوژرابوو کاتێک تەرمەکەی دۆزرایەوە، تا ئێستاش هیچ سەرە داوێک لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر چۆنیەتی مردنی ئەم هونەرمەندە دیار نین.
گوتیشی، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ئەوە دەرکەوتووە کە ئەم هونەرمەندە بە چەقۆ کوژراوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە لەسەرچی و بۆچی کوژراوە، یاخود کێ کوشتویەتی".
کەسێک لە ماڵباتی بریفکانی، دوێنی بە رووداو-ی گوت، "زاهید ماوەی ٣ رۆژ بوو لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرابوو کاتێک تەرمەکەی دۆزرایەوە، چەند چەقۆیەک بە شوێنە جیاوازەکانی لەشی کەوتوون".
نێچیرڤان حوسێن، پەیامنێری رووداو لە دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵە هونەرییەکان رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەی پۆلیس بەردەوامەو ئێستا پۆلیس ناتوانێت زانیاری تەواو ئاشکرا بکات"، پەیامنێری رووداو گوتیشی، "تەرمی بریفکانی زیاتر لە رۆژێک بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆیدا مابوویەوە".
ئەڤین حوسێن، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کە لەگەڵ زاهید بریفکانی خۆیان بۆ یادکردنەوەی رۆژی جیهانی میوزیک ئامادەکردووە، باسی لەوەشکرد ئەوان وەک لقی دهۆکی سەندیکای هونەرمەندان سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە.
زاهید بریفکانی، هونەرمەندی کەمانجەژەنی شاری دهۆک، کاری میوزیکی بۆ چەندین هونەرمەندی وەکو شڤان پەروەر و زەکەریا عەبدوڵڵا و هونەرمەندی دیکەش کردووە.