ئەمەل سەعید: لەگەڵ شووکردنی هەر کچێک بەرهەمی 'کچم شوو ئەکا' زیندوو دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە نوێترین بەرهەمی بەناوی ' شیرینییەکی تاڵ...کچم شوو ئەکا' بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەستێکی دایکی کچە؛ کاتێ کیژۆڵەکانیان بەرەو ژیانێکی نوێ بەڕێ دەکەون.
ئەمەل سەعید کوردە، لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند، دایکان لەم گۆرانییە و لە هەستی شووکردنی کچەکانیان تێدەگەن. گوتیشی، لەگەڵ شووکردنی هەر کچێک ئەم بەرهەمەی لە نێو خەڵکدا زیندوو دەبێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەردەوامە لە کاری هونەری و ساڵانە لانی کەم بەرهەمێک بڵاودەکاتەوە و لە ماوەی داهاتوودا بەرهەمی دیکە و باشتریشی دەبێت، بەڵام میدیاکان کەمتەرخەم بوونە لە گرنگی نەدان بە کارەکانی.
ئەم بەرهەمە لە ئاواز هونەرمەند خۆیەتی و هۆنراوەی مازیار فایەقە و دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن کارزان کامیل کراوە و میر شەماڵ میکس و ماسترینگی بۆ کردووە.
دیار مەهدی کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و لە کەناڵی تایبەتی ئەمەل سەعید کوردە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.