جانێت جاکسن: پلانم نییە واز لە سەماکردن بهێنم


رووداو دیجیتاڵ

جانێت جاکسن، گۆرانیبێژی ئەمریکی و خوشکی مایکڵ جاکسن، رایگەیاند، هیچ پلانێکی نییە واز لە سەماکردن بهێنێت.
 
ئەو هونەرمەندە بە دیزاینی سەما و نمایشە پڕ وزەکانی ناسراوە، شەوی سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025 (بە کاتی ئەمریکا) لە بێڤەرلی هیڵز، لە ئاهەنگی ئەستێرەکان قسەی کرد، کە بۆنەیەکی ساڵانەیە لەلایەن رێکخراوی (سەماکارانی دژی شێرپەنجە) رێکدەخرێت، تێیدا رێز لە کۆمەڵگەی جیهانیی سەما دەگیرێت.
 
جاکسن ئەمساڵ خەڵاتی (ئایکۆن)ـی پێبەخشرا، کە لەلایەن ئەفسانەی شاشە، لیزا مینێلییەوە پێشکێشکرا.
 
جاکسن بەم زووانە تەمەنی دەبێتە 60 ساڵ و رایگەیاند، حەز و خولیای بۆ سەماکردن وەک خۆی بە بەهێزی ماوەتەوە. گوتیشی: "من بەردەوام سەماکردنم خۆشویستووە و لەبیرمە لە تەمەنی پێنج یان شەش ساڵییەوە، بەردەوام لەگەڵ براکانم لە ماڵەوە سەمام دەکرد. ئەوان یەکەم مامۆستا و کۆریۆگرافەری من بوون".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "دەمەوێت سوپاسێکی دڵسۆزانەی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە لەم گەشتەدا لەگەڵم بوون. سوپاسی خوداش دەکەم کە ژیانی پێداوم و رێگەی پێداوم کارەکەم بکەم و بەردەوام بم لەسەر ئەو شتەی کە خۆشم دەوێت و چێژی لێوەردەگرم".