بەشی نوێی (Wicked) بە 228 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی یەکەمدایە


رووداو دیجیتاڵ

بەشی دووەمی فیلمی (Wicked) بە ناوی (Wicked: For Good)ـی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ، پێشبینییەکان تێدەپەڕێنێت و لە رێگەی تۆمارکردنی داهاتێکی پێوانەیی، زیاتر لە 228 ملیۆن دۆلار لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست دێنێت.
 
بەپێی ئامارەکانی بۆکس ئۆفیس، فیلمەکە تەنیا لە رۆژی هەینیدا لە ئەمەریکای باکوور 68.7 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت کۆی داهاتی هەفتەی یەکەم لە ناوخۆی ئەمەریکا بگاتە سەرووی 151 ملیۆن دۆلار، ئەمەش دەیکاتە دووەم گەورەترین دەستپێکی سێ-رۆژە لە ساڵی 2025ـدا، بەمەش لە دوای فیلمی (A Minecraft Movie) دێت.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی جۆن ئێم چووە و هەریەک لە ئاریانا گراندە -بە رۆڵی گلیندا- و سینتیا ئێریڤۆ -بە رۆڵی ئێڵفابا- ئەستێرەی سەرەکی فیلمەکەن. 
 
رەخنەگران و بینەران پێشوازییەکی گەرمیان لە بەرهەمەکە کردووە؛ بەجۆرێک پلەی (A)ـیان لە (سینەماسکۆر) و رێژەی 96%ـی لە وێبسایتی (رۆتن تۆمەیتۆز) بەدەستهێناوە.
 
ئەو سەرکەوتنە ژمارەی پێوانەیی بەشی یەکەمی فیلمەکەی شکاند کە 112.5 ملیۆن دۆلار بوو، بەمەش دەبێتە خاوەنی گەورەترین دەستپێک لە مێژوودا بۆ فیلمێک کە لە شانۆگەرییەوە وەرگیرابێت. هەروەها لەسەر ئاستی جیهانی، دوای فیلمەکانی وەک (The Lion King) و (Frozen 2)، دەبێتە پێنجەم گەورەترین دەستپێک بۆ فیلمێکی میوزیکئامێز.
 
سەرکەوتنی (Wicked: For Good) بووژانەوەیەکی پێویست بوو بۆ سینەماکانی ئەمەریکا، کە لەم وەرزەدا بەدەست کەمیی فیلمەوە دەیناڵاند. 
 
ئامارەکان دەریدەخەن کە ژنان رۆڵی سەرەکییان لەم سەرکەوتنەدا هەبووە، بەو پێیەی نزیکەی 70%ـی بینەرانی رۆژی هەینی لە رەگەزی مێ بوون.