دووەمین دیداری کورتەفیلمی کوردی لە بێرگنی نەرویج بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بۆ ساڵی دووەم، دیداری کورتەفیلمی کوردی لە شاری بێرگنی نەرویج بەڕێوەدەچێت، تێیدا شەش کورتەفیلمی فیلمسازانی کورد پێشاندەدرێن.
دیدارەکە بە هاوبەشی لە نێوان گرووپی هونەری کوردی، سەنتەری کولتووریی نێودەوڵەتی و بەشی هونەری سینەمای بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانی رێکخراوە و رۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەدەچێت.
ڤیان نەوشیروان، سەرپەرشتیاری گشتیی دیدارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دیدارەکەدا شەش کورتەفیلم پێشان دەدرێن کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانی ئامادەکراون".
گوتیشی: کورتەفیلمی (ماڵ و کلیل) لە دەرهێنانی شوان عەتووف، (سپی وەک سوور) لە دەرهێنانی کەریم غەفوور (کەریمۆک)، (سەرۆک) لە دەرهێنانی رزگار حوسێن، (ژووری 217) لە دەرهێنانی سرووشت عەبەڕەش و دوو کورتەفیلمی دەرهێنەر هەوراز محەممەد پێشان دەدرێن.
ڤیان نەوشیروان، دەرچووی بەشی نواندنی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە لە 1994. خاوەنی زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی نواندنە و ماوەی 20 ساڵە لە شاری بێرگن وەک راهێنەری شانۆی منداڵان کار دەکات.