فیلمێکی تایوانی چوار خەڵاتی ئەسپی زێڕینی بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی تایوانی (A Foggy Tale) بووە گەورەترین براوەی 62ـەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئەسپی زێڕین و چوار خەڵاتی بەدەستهێنا، لەنێویاندا خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ.
چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "تیرۆری سپی" لە تایوان و باس لە کچێکی گەنجی دەکات، کە دەست بە گەشتێک دەکات بۆ وەرگرتنەوەی رووفاتی براکەی.
لی لیە، هاوبەرهەمهێنەری فیلمەکە سەرسوڕمانیی خۆی بە بردنەوەی خەڵاتەکە دەربڕی و گوتی: "گرنگ نییە خەڵکی چی دەڵێن، بەڵام کاتێک لەوێ دانیشتبووم هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ئێمە ئەم خەڵاتە ببەینەوە. بۆیە کاتێک ناوی (A Foggy Tale)ـیان راگەیاند، خەریک بوو دڵم لە سینەم بێتە دەرەوە".
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، چانگ چێن، ئەکتەری تایوانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاوی بۆ رۆڵبینینی لە فیلمی (Lucky Lu) بردەوە، تێیدا رۆڵی گەنجێکی کۆچبەری بواری گەیاندن لە نیویۆرک دەبینێت.
ئەمە دووەمجارە چانگ چێن ئەم خەڵاتە دەباتەوە، پێشتر لە 58ـەمین خولی رێوڕسمەکە؛ لە رێگەی فیلمی (The Soul) بەدەستیهێنابوو. چێن گوتی: "لەو بڕوایەدام زۆر بەم فیلمە تێکەڵ بووم. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە کارەکتەرەکە باوکە و منیش خۆم باوکم. لەو بڕوایەدام ئەو سۆزەی لە نێوان مرۆڤەکاندایە زۆر گرنگە".
ما شی-یوان، خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشتی بۆ فیلمی (Left-Handed Girl) و جون لی، دەرهێنەری هۆنگ کۆنگی، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بۆ فیلمی (Queerpanorama) بردەوە.
فان بینگبینگ، خانمە ئەکتەری چینی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بۆ فیلمی (Mother Bhumi) پێبەخشرا، بەڵام خۆی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو.