کێڤن کۆستنەر بەهۆی نەدانی پارەی جلوبەرگ سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا کێڤن کۆستنەر، ئەکتەر و دەرهێنەری ناسراوی هۆڵیوود، هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی بودجە دەدات تاوەکو زنجیرە فیلمە کلاسیکییەکەی (Horizon: An American Saga) تەواو بکات، ئێستا بەهۆی نەدانی پارەی کرێی جلوبەرگی فیلمەکە، رووبەڕووی سکاڵایەکی یاسایی بووەتەوە.
کۆمپانیای (Western Costume) رۆژی دووشەممە، لە دادگەی باڵای کالیفۆرنیا سکاڵای لە دژی کێڤن کۆستنەر و کۆمپانیاکەی (Territory Pictures) تۆمارکرد. کۆمپانیاکە داوای نزیکەی 440 هەزار دۆلار دەکات وەک کرێی جلوبەرگەکانی بەشی دووەمی فیلمی (Horizon) و تێچووی چاککردنەوەی ئەو جلانەی لە کاتی وێنەگرتندا زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم کێشە یاساییە نوێیە لە کاتێکدایە، کۆستنەر لە دۆخێکی دارایی سەختدایە. بەشی یەکەمی فیلمی (Horizon) کە بودجەکەی 100 ملیۆن دۆلار بوو، لە سینەماکاندا شکستی هێنا و تەنیا 38.7 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە. بەهۆی ئەم شکستەوە، نمایشکردنی بەشی دووەمی فیلمەکە کە بڕیاربوو ساڵی رابردوو بێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
کۆستنەر ساڵی رابردوو هەوڵیداوە بەرپرسانی سعودیە رازی بکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بەشەکانی سێیەم و چوارەمی فیلمەکەدا بکەن، بەڵام گفتوگۆکانی بێ ئەنجام بوون.
تەنگژەکانی کۆستنەر تەنیا دارایی نین؛ ئەکتەرێک کە لە بەشی دووەمی زنجیرە فیلمەکەدا بەشداربووە، سکاڵای یاسایی لە دژی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە تۆمارکردووە. ئەو ئەکتەرە کۆستنەر و تیمەکەی بە "جیاکاریی رەگەزی، هەراسانکردن و تۆڵەکردنەوە" تۆمەتبار دەکات، ئەوەش بەهۆی تۆمارکردنی دیمەنێکی دەستدرێژیی سێکسی کە لە سیناریۆکەدا نەبووە.
سەرەڕای هەموو ئەم کێشە یاسایی و داراییانە، کۆستنەر هێشتا بەردەوامە لە پڕۆژەکەی و لە ویلایەتی یوتا خەریکی دروستکردنی ستۆدیۆیەکی فیلمە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار، بەڵام بەشی سێیەمی فیلمی (Horizon) بەهۆی نەبوونی بودجەوە تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.