'هێدی باژۆ' لە چیرۆکێکی تراژیدییەوە بۆ بەرهەمێکی کۆمێدیی نێو تیکتۆک

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوای ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ئەم دواییە لە باشووری کوردستان، یەکێک لە گۆرانییە کوردییەکان بەناوی 'هێدی باژۆ' لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگیداوەتەوە، هەرچەند خۆی ناوەڕۆکێکی تراژیدی هەیە، بەڵام بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتیش 'تیکتۆک' بۆ مژارێکی کۆمیدی بەکاریدێنن.
 
'هێدی باژۆ' کە بە واتای 'لەسەرخۆ لێخوڕە'یە، بەشێک لە شارەزایانی هونەری میوزیک بۆ برۆی شەرقی، کە هونەرمەندێکی کوردی ئێزدییە دەگەڕێننەوە، مێژووەکەی بۆ سەت ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و گوایە ناوەڕۆکی باس لە کۆمەڵکوژی و راوەدوونانی کوردانی ئێزدی لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەکات.
 
برۆی شەرقی، ناوی تەواوی برۆ ئیبراهیم حەجییە، لە 1873 لە وێرانشار لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە 1916 باکووری کوردستان جێدەهێڵیت و روو لە شنگال لە باشووری کوردستان دەکات، دواتر روو لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و لە چلەکانی سەدەی رابردوو هەر لەو بەشەی کوردستان کۆچی دواییکردووە.
 
ئەم لاواندنەوەیە لەلایەن چەند هونەرمەندێکی کوردی ئێزدی گوتراوە، یەکێک لەوانە ئەلیاس نەدیرە، کە بە دەنگی ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
 
بەکارهێنەرانی 'تیکتۆک' تەنیا سەرەتای لاوکەکەیان لەگەڵ دیمەنی خلیسکانی ئۆتۆمبێل و خەڵک لەسەر بەفر و شەختە بەکارهێناوە، کە دەڵێت "هێدی باژۆ لمە فەرمانە، یاواش باژۆ لمە فەرمانە، گران باژۆ شەڕێ گرانە".
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بەشە کورتەی لاوکەکە، وەک ناڕەزایەتییەک بەشێک لە رۆشنبیر و نووسەر و چالاکڤانان، تەواوی لاوکەکەیان بڵاوکردەوە و تیشکیان خستووەتەوە سەر ناوەڕۆکەکەی، بۆ ئەوەی بە مەبەستی دیکە بەکارنەهێندرێت، لەوانەش دروستکردنی ڤیدیۆی کۆمێدی و گاڵتەجاری.
 
د. ئادەم بێدار وتارێکی لە پۆرتاڵی رووداو بەناونیشانی 'چیرۆکى راستەقینەى هێدى باژۆ' بڵاوکردووەتەوە، تێیدا بەدواداچوونی بۆ سەرچاوەی گۆرانییەکە کردووە، لە بەشێکی وتارەکەیدا دەڵێت: "من بەدواداچوونى وردم کرد لەسەر ئەو گۆرانییە، سەرەتا لەگەڵ هەر یەک لە بەڕێزان (م. خدر دۆملى، د. سەعید خدێدە و م. کۆڤان خانکى) قسەم کرد، وێڕاى ئەوەى نووسەر و کەسایەتى دیارى کوردانى ئێزدین، بەڵام داواى لێبووردنیان کرد کە زانیارى پشتڕاستکراوەیان نییە لەسەر ئەو بابەتە، دواتر لەگەڵ بەڕێزان (شێخ مەروان، خەلەف حەجى حەمەد و شکر خدر دخی) قسەم کرد، ئەوان کە کارى جیدیان لەسەر فۆلکلۆر و گۆرانیى فۆلکلۆرى شنگال کردووە، پشتڕاستیان کردمەوە لەوەى ناوەڕۆکى ئەو گۆرانییە باسى هیچ یەکێک لەو فەرمانانە ناکات، کە بەسەر کوردانى ئێزدیدا هاتووە، لەبەر ئەوە بەستنەوەى گۆرانییەکە بە کوردانى ئێزدى هەڵەیەکى مێژووییە".
 
رەشۆ ئایشان، شاعیری کوردی ئێزدی کە بەشێک لە تێکستە شیعرییەکانی کراونەتە گۆرانی، بە رووداوی راگەیاند، لاوکی 'هێدی باژۆ' بەهۆی دوایین شەپۆڵی بەفربارین لە کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە، تەنانەت بەشێک لە کوردانی ئێزدیش پێشتر ئەو لاوەکەیان نەبیستووە و بەم دواییە بیستویانە.
گوتیشی "من لەگەڵ ئەوە نیم کە هونەری کوردی بخرێتە چوارچێوەی گاڵتەجارییەوە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەکرێت کاری زیاتر بۆ ئەرشیفکردنی بەرهەمی هونەرمەندان لە کوردستان بکرێت، تەنانەت ئەو جۆرە بەرهەمانە دەکرێت بۆ درامایەکی تەلەفزیۆنی سوودیان لێوەربگیرێت.
 
عەبۆ شێخ، هونەرمەندێکی کوردی ئێزدییە، ئەو لەبارەی لاوکی 'هێدی باژۆ'، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە هونەرییە بۆ ناوچەی شنگال دەگەڕێتەوە و تیشک دەخاتە سەر فەرمان بۆ سەر ئێزدییەکان، نەوەک تەنیا کوردی ئێزدی، بەڵکو کورد بە گشتی، بەڵام لەو لاوکەدا ئەوە رەنگدەداتەوە کە بەهۆی جوگرافیای ناوچەکە، کوردانی ئێزدی رووبەڕووی ئەو فەرمانە بوونەتەوە.
 
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، کوردانی ئێزدی 74 جار کۆمەڵکوژیان بەسەرهاتووە و ئەوان بە فەرمان ناوی دەبەن و هێرشی و کۆمەڵکوژی داعش بۆ سەریان بە فەرمانی 74مین دەناسێنن.