لون: دەمەوێت کوردستان بە هەموو جیهان بناسێنم
رووداو دیجیتاڵ
لون، هونەرمەندێکی کوردە و لە ئەڵمانیا دەژی، بە زمانی ئەو وڵاتە گۆرانی دەڵێت، نوێترین بەرهەمی لەبارەی کوردستانە و بە بۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاویکردەوە و دەڵێت، ئامانجیەتی کوردستان بە هەموو جیهان بناسێنێت.
ڤیدیۆکلیپەکە بەناوی "Kinder Deiner Sonne"یە، واتە "منداڵانی خۆر" و لە کەناڵی تایبەتیی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
لون، لە کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆکلیپەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە دووەم بەرهەمیەتی لەبارەی کوردستان و ئامانجیەتی کوردستان بە هەموو جیهان بناسێنێت. گوتیشی، دەیەوێت شوێنە جوانەکانی کوردستان پێشان بدات.
روونیشیکردەوە، دەیەوێت لە رێگەی ئەو بەرهەمە نوێیەی، کوردستان بە جۆرێک پێشان بدات کە شەڕی تێدا نییە.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە چەند شار و ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە، بەتایبەتیش لەسەر قەڵا و نێو قەیسەری هەولێر، هەروەها لە رواندز، گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ، بەشێکی زۆری دیمەنەکانی لە ئاکرێ وێنەگیراون، لە کۆتاییدا دیمەنی رێوڕەسم و ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ پێشاندراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرهەمە پێشکەوتنەکانی نێو شارەکانی باشووری کوردستان لە رووی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازییەوە پێشاندەدات.
لون لە زۆربەی بەشەکانی ڤیدیۆکلیپەکە بە جلوبەرگی کوردی دەردەکەوێت و گرووپێکی هەڵپەڕکێش لە پشتییەوە هەڵپەڕکێ دەکەن و جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە.
ساڵی رابردوو ئەو گۆرانیبێژە کوردە، بەرهەمێکی بەناوی "هەستەوە" بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوە کە بۆ پاڵپشتی لە ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو ژنانی جیهان بوو، لە هەمان ساڵدا ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بڵاوکردەوە و لە 15 تراکی گۆرانی پێکهاتبوو.
لون، ناوی تەواوی مەیلان تاریق غەفوورییە، لە 25ـی ئەیلوولی 2002 لە شاری هایدلبێرگی ئەڵمانی لە دایکبووە، یەکەم گورانی بە ناوی "Gebeauf" بڵاوکردووەتەوە و لە 2021 خەڵاتی وەرگرتووە، لە هەمان ساڵدا ئەلبوومی گۆرانیی "Mundschein" بڵاوکردووەتەوە و هەشت تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت.
لە هەموو بەرهەمەکانی لون کە بە زمانی ئەڵمانین، بەشێکی بە زمانی فەرەنسییە، تەنیا بەرهەمی "هەستەوە" نەبێت کە تەنیا بە ئەڵمانییە.
ئەو هونەرمەندە کوردە دوێتی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەڵمانی و فەرەنسی هەیە و بڕیارە دوێتی لەگەڵ گۆرانیبێژانی دیکەش هەبێت.
لون، لە 12ـی ئازاری 2021 ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی "Alles Verdient" واتە "شایەنی هەموو شتێکن" لەبارەی کورد و پێشمەرگە بڵاوکردەوە و زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
لە 2 کانوونی یەکەمی 2022 ڤیدیۆکلیپی "Nour EL Ain" کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ نەجوا، گۆرانیبێژی فەرەنسی بڵاوکردەوە و یەک ملیۆن و 400 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە و بە زمانی ئەڵمانی، فەرەنسی و عەرەبییە.
بەهێزترین بەرهەمی لون کە بەهۆیەوە ناوبانگی پەیداکرد، ڤیدیۆکلیپی "Gebe Auf" بوو و لە 2020 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە 30 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.