حەمکۆ لە بەریتانیا یەکەم بوو

رووداو - هەولێر

دوای بەشداریکردنی لە GLEE CLUB، کە شوێنێکی تایبەتە بە پێکەنین و کۆمیدیا لە بەریتانیا، ئەکتەری بواری کۆمیدیا حەمکۆ، توانی پلەی یەکەم بەدەستبێنێت.

لەمبارەیەوە حەمکۆ بۆ رووداو گوتی:" گلی کلەب، شوێنێکی تایبەتی کۆمێدیایە، هەفتانە نزیکەی 200 کەس بۆ بینینی هونەرمەندە کۆمێدییەکان رووی تێدەکەن و ھەفتانە کێبڕکێ لەنێوان کۆمێدییەکان دەکرێت".

حەمكۆ گوتیشی :"من وەک کوردێک بە زمانی ئینگلیزی بەشداریم کرد و پاش تەواوبوونی ھەموو نمایشەکان، ئامادەبووان دەنگیان بەو کەسەدا کە توانییویەتی لە هەموان زیاتر بە پێکەنینیان بێنێت، ئەو کەسەش من بووم".

" ئیتر بەرەو جیھانی بوون دەڕۆم، لە وڵاتی خۆم قەدرم نازانن، بۆیە ناچارم خزمەت بە گەلانی دیکە بکەم لە دەرەوەی کوردستان، چونکە ھەتا چاوەڕێی ئەو سیستەمە نا دیموکراسییە بکەم کە لە کوردستان هەیە و رێگا لە ئازادی قسەکردن بگیرێت، ئەوە ئێمە نابین بە خاوەنی کۆمێدیایی خۆمان و سەرکەوتوونابین"، حەمكۆ وایگوت.

حەمكۆ ئەمەی وەک ئاماژەیەک بوو بۆ وەستاندنی چەند پرۆگرامێکی لە کوردستان بە بیانووی " نەگونجانی تەوەرەکانی لەگەڵ کۆمەڵگا".