دالیا میرزا فاشیۆن شۆیەك لە كوردستان دەكات

رووداو - هەولێر

دالیا میرزا، دیزاینەری جلوبەرگی كوردی كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن كاردەكات، ئەمساڵ بەنیازە فاشیۆن شۆیەك لە كوردستان بكات.

دالیا بەرزنجییە و ساڵی 1988 لەدایكبووە. بڕوانامەیەكی لە بواری تەلارسازی هەیە و ئێستاش خوێندكاری قۆناغی سێی بەشی دیزاینی نێوماڵە لە زانكۆیەكی عەممان.

ئەو لە منداڵییەوە حەز و خولیای دیزاینكردنی جلوبەرگی هەبووە و وەك خۆی دەڵێت، بەردەوام جلی بۆ بووكە شووشەكانی دووریون، ئەم حەزەی لەگەڵ تەمەنی گەورە بووە تا وای لێهاتووە بووەتە پیشەی.

دالیا بە‌ (رووداو)ی گوت: "بە كاركردن لەسەر جلوبەرگە فۆلكلۆرییە كوردییەكان دەستمپێكرد، سە‌رە‌تا جلە كۆنە‌كانم لەگەڵ مۆدێلە مۆدێرنەكان تێكەڵ دە‌كرد، بە‌مە‌ش زۆر سە‌رنجڕاكێش دە‌ردە‌كە‌وتن".

دالیا ساڵێكە وەك دیزاینەری جلوبەرگی كوردی لە عەممانی پایتەختی ئوردن كاردەكات و گەلەرییەكی بچووكی هەیە. لەماوەی ئەو ساڵەشدا لە چەند فێستیڤاڵێكی هونەریدا بەشداریی كردووە. لە‌ نە‌ورۆزیشدا هە‌ر لە‌ عە‌ممان بە‌شداریی فاشیۆن شۆیە‌كی كردووە‌.

هە‌رچە‌ندە‌ دالیا هە‌موو كارە‌كانی لە‌ عە‌ممان دە‌كات، بە‌ڵام بۆ دابینكردنی وردە‌واڵە‌ و پێداویستییە‌كانی سە‌ردانی دوبە‌ی دە‌كات، لە‌ كوردستانیش دیزاینیان دە‌كات. ئە‌و گوتی: "زۆربەی شتەكان لە دوبەی دەهێنم، ئیكسسواراتیش هە‌ر لە‌وێ دە‌كڕم، بە‌ڵام بۆ دیزاینكردنیان دە‌گە‌ڕێمە‌وە‌ كوردستان، ئێكسسوارەكانیش هەر لە كوردستان دیزاین دەكەم".

دالیا لە‌بارە‌ی ئامانجی كاركردنی دە‌ڵێت، حە‌زدە‌كات وڵاتە‌ عە‌رە‌بییە‌كان بە‌ كولتووری كورستان ئاشنا بكات. دە‌شڵێت، كوردی نیشتەجێی ئوردن، عە‌رە‌بە‌كانی ئوردن و سوورییەكانی نیشتەجێی ئوردن داوای جلوبەرگی كوردی دەكەن و حەزی لێدەكەن.

چی بۆ جلوبەرگی كوردی لەبەرچاودەگرێ و چی بەلاوە گرنگە، واتە چۆن جلوبەرگ بۆ كچێك هەڵدەبژێرێ‌ ئەگەر داوای لێبكات؟ دالیا گوتی: "بەپێی رەنگی پێست، تەمەن، فەیس و شێوەی قوماش مۆدێلە‌كە‌ی هە‌ڵدە‌بژێم، ئێكسسوارە‌كانیشی هەر خۆم دیزاینی دەكەم، بۆچوونی وەردەگرم و پێیدەڵێم حەزت لەچییە؟ چ رەنگێكت بەدڵە؟ بە‌ڵام ئەوەی دیكە هەمووی بەخۆم دەیكەم".

دالیا پڕۆژە‌ی بۆ داهاتوو هە‌یە‌، 25ی ئە‌م مانگە‌ لە عەممان بە‌شداریی فێستیڤاڵێك دە‌كات بە‌ناوی (ئە‌هلە‌ن رە‌مە‌زان) و جلی كوردی بە‌ دیزاینی خۆی نمایش دە‌كات. حە‌زیش دە‌كات لە‌ كوردستان نمایشێكی جلوبەرگ بكات. دالیا دەڵێت: "ئامانجێكی تایبەتم نییە، بەڵام حەزدەكەم فاشیۆن شۆیەك لە كوردستان بكەم‌، پلانم هە‌یە‌ ئەمساڵ بیكەم".