ئەگەری زیندانیکردنی هەتاهەتایی دیدی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستگیرکردنی شۆن "دیدی" کۆمبس، راپەری هیپ هۆپی ئەمریکی، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانی سێکسی، ئەگەری زیندانیکردنی هەتاهەتایی هەیە.
چەندین تۆمەت خراونەتە پاڵ دیدی، پێنج لەو تۆمەتانە سەرەکین و ئەگەری زیندانیکردنی هەتاهەتایی هەیە، کەمترین سزاش 15 ساڵ زیندانیکردنە، تۆمەتەکانیش بریتین لە پیلانگێڕان لە رێکخراوێکی تاوانکاریدا، هەروەها دوو تۆمەتی بازرگانی سێکسی و دووانی دیکەش گواستنەوەی تاکەکان بە مەبەستی لەشفرۆشی.
حەوتەمین دانیشتینی دادگەییکردنی دیدی، رۆژی دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025 لە دادگەیەکی فیدراڵی لە نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و شایەتی 36 شایەتحاڵ لەلایەن داواکاری گشتی خرانەڕوو، لەنێویاندا کارمەندانی پێشووی ئەو راپەرە و دوو ژن کە تۆمەتباریان کرد بەوەی ناچاری کردوون لە چوارچێوەی تۆڕێکی بازرگانیکردنی، سێکس بکەن.
هەروەها داواکاری گشتی چەندین بەڵگەی خستەڕوو، لەنێویاندا نامەی دەقی و تۆماری دارایی و گرتەی ڤیدیۆیی، دیارترینیان دیمەنێکە کە رووداوێکی توندوتیژی دژ بە کاسی ڤێنتورا، گۆرانیبێژ و خۆشەویستی پێشووی.
تیمى بەرگریکردن لە دیدی لە نۆ پارێزەر پێکدێت، کۆمبس بە شێوەیەکی راستەوخۆ ستراتیژی بەرگریکردنی خۆی دیاریی کرد و لەسەر کاغەزی تێبینییەکانی دەنووسییەوە و دەیدا بە پارێزەرەکانی.
تیمی بەرگریکردن لە دیدی رەتیدەکەنەوە دەستدرێژی سێکسی روویدابێت، بەڵکو کردە سێکسییەکە رەزامەندی دوو لایەنەی لەسەر بووە.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا تیمی بەرگریکردن بانگهێشتی شایەتحاڵەکان بکات و لە نزیکەوە گوێبیستی قسەکانیان بن، لە هەوڵێکدا بۆ لاوازکردنی گێڕانەوەی داواکاری گشتی.
دیدی (54 ساڵ) لە 16ـی ئەیلوولی 2024 بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەستگیرکرا، لەبەرامبەردا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. ژمارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون گەیشتووەتە 120 تۆمەت.
مارک ئەگنیفیلۆ، پارێزەری ئەو راپەرە پێشتر رایگەیاندبوو، داواکاری گشتی دەیەوێت سێکسکردن بە رەزامەندی هەردوولا؛ بکەنە تاوان لەسەر دیدی. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، دیدی، پلانی هەیە بۆ ئەوەی بێتاوانی خۆ لە دادگە بسەلمێنێت.
پێشتر داواکاری گشتی چەند بەڵگەیەکیان بۆ پاریزەرانی دیدی خستبووەڕوو، بەتایبەت ئەو بەڵگانەی لە مۆبایلەکەیدا هەبوون و لە رێگەی ئایکڵاودەکەی وەرگیراون کە لەسەر 40 مۆبایل بەکارهاتوون.
شۆن "دیدی" کۆمبس، وەک راپەر و بەرهەمهێنەر ناسراوە و سێ جار خەڵاتی گرامی بەدەستهێناوە.