تایلۆر سویفت بۆ زۆرترین خەڵات کاندیدکراوە

 رووداو- ئاژانسەکان

تایلۆر سویفت، خانمە گۆرانیبێژ و تێکستنووسی گۆرانیی ئەمەریکی، لە خولی ئەمساڵی "ئێم تیڤی ڤیدیۆ میوزیک"ـدا، بۆ نۆ خەڵات کاندیدکراوە.

"1989" نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی سویفتە و وەک پڕفرۆشترین ئەلبوومی ساڵی 2014ـدا دیاریکراوە، لەرێگەیەوە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی ئەم نۆ خەڵاتە دەکات.

خەڵاتی باشترین ڤیدیۆ کلیپی ساڵ، یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانی "ئێم تیڤی"یە، بەرهەمی هەریەک لە تایلۆر سویفت، ئید شیران، بیۆنسێ و مارک رۆنسۆن، کاندیدی ئەم خەڵاتەن.

ڤیدیۆ کلیپی "باد بلۆد"ـی سویفت بۆ خەڵاتی باشترین ڤیدیۆکلیپی ساڵی خولی ئەمساڵی خەڵاتەکانی ئێم تیڤی کاندیدکراوە.

ئاهەنگی خەڵاتەکانی "ئێم تیڤی ڤیدیۆ میوزیک" لە 30 ئۆگۆست لە هۆڵی مایکرۆسۆفت لە شاری لۆس ئەنجلۆس بەڕێوەدەچێت و لەلایەن ئێم تیڤییەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە.

تایلۆر سویفت، لە ساڵی 1989 لە ئەمەریکا لەدایکبووە، لە ساڵی 2006ـدا یەکەم گۆرانی خۆی بەناوی "تیم مگراو" بڵاوکردەوە، دواتر ئەلبوومێکی بە هەمان ناو پێشکەش بە هەوادارنیی کرد. 

سویفت، خاوەنی چەند ئەلبوومێکی گۆرانییە و چەندینجار خەڵاتەکانی گرامی و ئێم تیڤی بەدەستهێناوە و خاوەنی چەندین ناسناوی هونەرییە.