بڵند ئیبراهیم: هونەرمەندێکی سەربەخۆم و سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نیم
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند بڵند ئیبراهیم، هەڵوێستی هزری و مرۆیی خۆی روونکردەوە و رایگەیاند، وەک هونەرمەندێکی سەربەخۆ کار دەکات و سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی نییە.
بڵند ئیبراهیم رۆژی سێشەممە 23ـی تەمموزی 2025 بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و پەیامەکەی ئاراستەی جەماوەرەکەی و رای گشتی کردووە و تێیدا هاتوو: "زۆر بە روونی رایدەگەیەنم، وەک بیرکردنەوە من هونەرمەندێکی سەربەخۆم، هەروەها پەیوەست نیم بە هیچ پارتێکی سیاسی و لایەنێکی ئایدیۆلۆژییەوە، لەگەڵ تەواوی رێزم بۆ هەموو ئەو پارت و لایەنە فیکرییانەی کە سەرچاوەیان ئیرادەی گەلە و هەوڵی خزمەتکردنی دۆزی دادپەروەری دەدەن."
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوە کردووە، پەیامەکەی لە ناخی هونەرێکی رەسەنی کوردییەوە هەڵدەقوڵێت و گوزارشتە لە خەباتی گەلەکەی لەپێناو کەرامەت و دادپەروەریدا. هەروەها جەخت لەسەر باوەڕبوونی بە مافە کولتووری، نیشتمانی و مرۆییەکانی گەلی کورد دەکاتەوە و بە بەشێکی دانەبڕاو لە ویژدان و هونەرەکەی ناوی دەبات.
بڵند ئیبراهیم پەیامی سەرەکیی خۆی بە "هونەر" پێناسە دەکات و دەڵێت: "باوەڕم وایە کە میوزیک و کولتوور، ئامرازێکن بۆ نزیکبوونەوەی مرۆڤەکان و رێگەی پاراستنی ناسنامەی گەلی دێرینی کوردمانە". هەروەها بەڵێنی داوە بە دڵ و گیان خەبات بۆ پێشخستنی کولتوور، زمان و میوزیکی رەسەنی کوردی بکات بە شێوازێکی سەردەمیانە بۆ خزمەتکردنی نەوەی نوێ.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بڵند ئیبراهیم باوەڕی خۆی بە دوو دۆزی سەرەکی دەربڕیوە، ئەویش ژینگە و پاراستنی سرووشتە و پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بۆ ژینگەپارێزی راگەیاندووە و بە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی دەزانێت بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوو. هەروەها پێکەوەژیانی ئاشتییانە، باوەڕی بە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە و تەندروست هەیە لەنێوان مرۆڤەکاندا کە هەڵگری خۆشەویستی و بەزەیی بێت بۆ هەموو بوونەوەرێک.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، بڵند ئیبراهیم سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە لە کاروانی هونەرییدا پشتگیرییان کردووە.
هونەرمەند لەگەڵ بەیاننامەکە وێنەیەکی خۆی و یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی داناوە، ئەویش گۆرانیی "زۆزان"ـە.
بڵند ئیبراهیم لە دهۆک لە دایکبووە، ماڵباتەکەی لە 1974 لە شنگالەوە روویان لە دهۆک کردووە و لەو شارە نیشتەجێبوونە، دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی دهۆکە و لە کۆلێژ درێژەی بە خوێندن داوە و لە 1986 یەکەم بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، ئەویش گوتنەوەی گۆرانییەکی هونەرمەند محەممەد شێخۆ بووە.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە 1991 لەگەڵ تیپی مۆسیقای پێشەنگ وەک گۆرانیبێژ بەشداری لە چەندین ئاھەنگدا کردووە، لە 1994 یەکەم گۆرانی تایبەت بەخۆی بەناوی "بالا بالا" تۆمارکردووە، لە 2001 لەرێگەی گۆرانی "هێلینا زێڕین" ناوبانگییەکی زۆری پەیداکرد.
"هێلینا زێڕین"، "وەرە پەری"، "گەڕیانەک"، "مۆمی تەمەن" و "جارەکا دی" لە ئەلبوومەکانی ئەو هونەرمەندەن. ڤیدیۆکلیپەکانی بە ملیۆنان بینەریان لە یوتیوب و پلاتفۆڕمەکانی دیکە هەیە، لەوانەش ڤیدیۆکلیپی "یا تەمە" کە زیاتر لە 18 ملیۆن بینەری لە یەتیوب هەیە و بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بەرژین کاپلان.