هەردی سەلامی زنجیرە کۆنسێرتێک سازدەکات

رووداو- سلێمانی

هونەرمەندی گۆرانیبێژ هەردی سەلامی زنجیرەیەک کۆنسێرت لە هەریمی کوردستان ئەنجامدەدات و بەرهەمێکی نوێش بڵاودەکاتەوە.

هەردی سەلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەگوێرەی ئەو پلانەی دامناوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ زنجیرە کۆنسێرتێک لە هەولێر، سلێمانی و کەرکووک سازدەکەم".

لەبارەی کاری نوێی، ئەو هونەرمەندە گوتی "بەرهەمێکی نوێم بەناوی (دانە دانە) ئامادەیە و بەمزوانە بڵاودەبێتەوە، بەڵام هێشتا بڕیارم نەداوە کاری ڤیدیۆ کلیپی بۆبکەم.

ئاواز و تێکستی بەرهەمی دانە دانە، هی هەردی سەلامی خۆیەتی و ئەفشین شوکری کاری میوزیک و ئەرەینجمێنتی بۆ کردووە.

هەردی سەلامی لە ساڵی 1987 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی، سەرەتا وەک دەرهێنەر کاری کردووە و ئێستا خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆکلیپە.