لە کۆتایی ئەم مانگە فیلمی 'هەیبە' بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
'هەیبە' بەرهەمێکی تەلەڤزیۆنیی لوبنانییە و ناوبانگییەکی زۆری هەیە، لە کوردستانیش بینەری زۆرە، بەم دواییە وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمهاتووە و بڕیارە لە 29-9-2022 بڵاوبکرێتەوە.
بەهۆی دەنگدانەوەی زنجیرەکە کە لە پێنج وەرز پێکهاتووە، بەرهەمهێنەرانی بڕیاری بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەماییان بە هەمان ناو و چیرۆک دا.
فیلمی 'هەیبە' جگە لە سینەماکانی لوبنان و وڵاتانی عەرەبی، بڕیارە لە 50 سینەمای ئەمریکا، کەنەدا و ئۆسترالیاش پێشانبدرێت.
لەم بەرهەمەدا تیم حەسەن، مونا واسف، رەفیق عەلی و زینە مەکی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن و لە دەرهێنانی سامر بەرقاوییە.
زنجیرەی تەلەڤزیۆنی 'هەیبە' لە 2017 یەکەم وەرزی لە نووسین و سیناریۆی هۆزان عەکۆ، نووسەر و سیناریۆنووسی کورد بڵاوکرایەوە.
بەم دواییە بەڵگەفیلمێک لەبارەی پاڵەوانانی زنجیرەی 'هەیبە' بڵاوکرایەوە و بەشێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی زنجیرەکە تێیدا بەشداربوون و چەند نهێنییەک لەبارەی خۆیان و رۆڵیان لە زنجیرەکە ئاشکرا کراون.