هاشم فەرهادی: ساڵانێکە کار لەسەر مێژوو و هونەری کوردانی خوراسان دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
هاشم فەرهادی، هونەرمەندێکی کوردی خوراسانە و نوێترین بەرهەمی بەناوی 'زراڤ' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی فۆلکلۆرە و ئاوازی هاشم فەرهادییە و دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن حەمید گولشەنی کراوە و کاری ڤیدیۆکلیپەکەی لەلایەن روحوڵڵا پەرویز کراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
هاشم فەرهادی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانێکە کار لەسەر مێژوو و هونەری کوردان دەکات، بە تایبەتی کوردانی خوراسان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گۆرانی 'زراڤ' یەکێک لە تراکەکانی دوا ئەلبوومیەتی بەناوی 'زیلان' کە ئەلبوومێکی تایبەت بە میوزیک و گۆرانی خوراسانییە و ئامێری دووتار تێیدا بەکارهاتووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئێستا کار لەسەر دوو ئەلبوومی گۆرانی دەکات و لە ماوەی داهاتوودا بڵاویان دەکاتەوە و گوتیشی، هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کار بۆ بە جیهانیکردنی میوزیکی کوردی و کوردی خوراسان بکات.
لەم بەرهەمەدا مەجید مەزاهیری بە ئامێری کەمانچە، هاشم فەرهادی بە ئامێری دووتار، سەعید رەحمانی بە ئامێری تار، بانو فوغان وەک کۆراڵ و گرووپی چیکسای بەشدارن و لە دەورووبەری شاری بژنو وێنەگیراوە.