(منداڵیی عیماد) لە هەولێر پێشاندرا و بینەران بە فیلمێکی کاریگەری دەناسێنن
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی هەفتە نمایشی فیلمی فەرەنسی- ئەڵمانی لە هەولێر، بەڵگەفیلمی (منداڵیی عیماد) کە تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە، پێشاندانێکی تایبەتی بۆ کرا. بینەران فیلمەکەیان بە کاریگەر و گرنگ ناساند بۆ گەیاندنی مەینەتییەکانی کوردی ئێزدی و کاریگەریی سینەما لە ناساندنی دۆزی رەوای گەلان بە جیهان.
بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی زەهاوی سنجاوییە و باس لە چیرۆکی تراژیدیی منداڵێکی کوردی ئێزدی دەکات کە دوای رزگاربوونی لەژێر دەستی داعش، بەهۆی ئەو پەروەردە تووندەی پێیدراوە، رووبەڕووی کێشەی دەروونیی قووڵ دەبێتەوە. فیلمەکە هەوڵی ماڵباتێکە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵییە دزراوەکەی عیماد.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆچوونی بەشێک لە ئامادەبووانی وەرگرت لەبارەی کاریگەریی فیلمەکە و رۆڵی سینەما لە گەیاندنی دەنگی گەلانی ستەملێکراو.
شێوەکار دڵشاد کوێستانی، ئاماژەی بەوەدا، فیلمەکە پەیامێکی گرنگی هەیە بۆ هەموو کۆمەڵگە و گوتی: "پێویستە ئەم فیلمە لە هەموو ماڵێکدا ببینرێت و رێگە نەدرێت کاریگەریی ئیسلامی سیاسی بچێتە نێو ماڵەکانمانەوە. ماڵ شوێنی جوانی و بەها باڵاکانە کە مرۆڤ بەرەو پێگەیشتن دەبات". کوێستانی داوای کرد گرنگی بە هونەر بدرێت و گوتی: "با منداڵەکانمان فێری هونەر، وێنەکێشان و شیعر بکەین. با فێری جوانی و ئیستاتیکایان بکەین".
فیلمساز جانۆ رۆژبەیانی، فیلمەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو" و "درامایەکی بەهێز" ناوبرد و گوتی: "هەرچەندە ئەمە فیلمێکی بەڵگەنامەیی بوو، بەڵام بینەر هەستی دەکرد درامایەکە. فیلمەکە نموونەی یەک کەسی نیشان دا، بەڵام دەیان، سەتان و هەزاران کەسی وەک عیماد هەن کە تووشی ئەم کێشە دەروونییە بوونە".
رۆژبەیانی جەختی لەسەر گرنگیی سینەما کردەوە و گوتی: "کاریگەرترین دەنگ بۆ هەر میللەت و کێشەیەک سینەمایە. بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی یان رووداوێکی سیاسی دوای هەفتەیەک یان مانگێک لەبیر دەکرێت، بەڵام فیلم بەردەوام دەمێنێتەوە. پێویستە میللەتی کوردستان کە کێشەی زۆرە، گرنگییەکی زۆر بە کاری فیلم بدات و دەیان فیلم لەسەر ئەنفال، جینۆسایدی داعش و هەموو کێشەکانی دیکە بەرهەم بهێنێت".
عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشینە و بۆ بینینی فیلمەکە لە سینەما بوو، ئەو باسی لە کاریگەریی فیلمەکەی کرد و گوتی: "فیلمێکی زۆر کاریگەر بوو، رۆڵی عیماد ئەوەندە راستی بوو هەستت نەدەکرد سەیری فیلم دەکەیت. من هەستم دەکرد لەنێو ئەو خێزانەدا دەژیم". فەرهادی بۆ نیشاندانی هێزی سینەما، نموونەی فیلمی (رێگە-Yol)ـی یڵماز گونەی، دەرهێنەری ناسراوی کورد هێنایەوە و گوتی: "یەک فیلم دەتوانێت بەرامبەر سەتان رۆمان و کۆنفرانس رۆڵی هەبێت. کاتی خۆی کە گەنج بووین و فیلمی 'یۆڵ'ـمان بینی، ئێمە نەماندەزانی لە تورکیا چی هەیە. بەهۆی ئەو فیلمەوە کە بە دزییەوە سەیرمان دەکرد، زانیمان لەو دیوی سنوور چی روودەدات. سینەما دەتوانێت سنوورەکان ببڕێت و نەوەیەک بە ئازارەکانی نەتەوەکەی ئاشنا بکات".
هەفتەی فیلمی فەرەنسی - ئەڵمانی لەلایەن ئەنستیتیوتی فەرەنسی و پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە سینەمای هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ، لە 18ـی ئەیلوولی 2025 دەستیپێکرد و تاوەکو 25ـی مانگ بەردەوامە، بەڵگەفیلمی (منداڵیی عیماد)، رۆژی سێشەممە 23ـی مانگ، وەک تاکە فیلمی کوردی لەو هەفتەیەدا پێشاندرا.
بەڵگەفیلمی "منداڵیی عیماد" تاوەکو ئێستا لە 85 وڵات و زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی جیهانیدا نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە. لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام لە ئایاری 2023 خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەدەستهێنا. هەروەها فیلمەکە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لێژنەی دادوەرانی لاوی لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلمی بوداپێست لە هەنگاریا بردەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی "Asian movie plus"، ئەم بەرهەمە وەک یەکێک لە 11 باشترین بەڵگەفیلمەکانی ئاسیا هەڵبژێردراوە.
ماوەی فیلمەکە 78 خولەکە، وێنەگرتنی 13 مانگی خایاندووە و بەرهەمهێنانی کۆتایی سێ ساڵی ویستووە. (منداڵیی عیماد) پێشتر لەسەر شاشەی رووداو پەخشکراوە و ئێستاش لە پۆرتاڵی رووداو بۆ بینین بەردەستە.