دارمێندرا ئەستێرەی سینەمای هیندستان کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
دارمێندرا، ئەکتەری ناسراوی سینەمای هیندستان کە لە کوردستانیش بەهۆی فیلمە کلاسیکەکانییەوە، بەتایبەت فیلمی (Sholay) هەوادارێکی زۆری هەبوو، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، دارمێندرا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری مومبای ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کۆچی دوایی ئەم ئەستێرەیە کۆتاییهێنانە بە سەردەمێکی زێڕینی سینەما کە کاریگەرییەکەی سنوورەکانی هیندستانی بڕیبوو.
دارمێندرا یەکێک بوو لەو ئەکتەرانەی کە لەگەڵ هاتنی فیلمە هیندییەکان بۆ کوردستان لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا، ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد. دیارترین دەرکەوتنی لە فیلمی (Sholay) بوو لە 1975، کە بە یەکێک لە پڕبینەرترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای هیندستان دادەنرێت.
سەرەڕای ئەوەی فیلمی (Sholay) ئەستێرەی ناسراوی وەک ئەمیتاب باچان، سانجیڤ کومار و هێما مالینی تێدابوو، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان، دارمێندرا خاوەنی بەرزترین کرێی نواندن بووە لەو فیلمەدا.
لەو کاتەدا دارمێندرا بڕی 150 هەزار رووپیەی وەرگرتووە، لەکاتێکدا ئەمیتاب باچان، کە دواتر بووە ئەستێرەی یەکەمی بۆڵیوود، 100 هەزار رووپیەی وەرگرتووە. ئەمەش نیشانەی ئەوە بووە کە لەو سەردەمەدا دارمێندرا لە لووتکەی ناوبانگی خۆیدا بووە و کرێی هەر فیلمێکی لەنێوان 5 بۆ 1500 هەزار رووپیە بووە.
دارمێندرا لە ژیانی هونەرییدا بەشداری لە زیاتر لە 300 فیلمدا کردووە، لەوانەش (Mera Gaon Mera Desh)، (Dharam Veer) و (The Burning Train).
ئەو ئەکتەرە توانی لە رێگەی تێکەڵکردنی رۆڵی ئەکشن و رۆمانسی، پێگەیەکی تایبەت بۆ خۆی دروست بکات و ببێتە بەشێک لە یادەوەریی سینەمایی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان.