بەڵگەفیلمەکەی جەیمس کامیرۆن و بیڵی ئایڵش بڵاودەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بێڵی ئایڵیش گۆرانیبێژی ئەمریکی، وادەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەفیلمە نوێیەکەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ دەرهێنەری جیهانی جەیمس کامیرۆن بەرهەمی هێناوە و بڕیارە ساڵی 2026 بچێتە سینەماکانەوە.
 
شەوی یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2025، بیڵی ئایڵیش لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە رایگەیاند، ئەو بەڵگەفیلمەی کە تایبەتە بە گەشتە هونەرییەکەی و بە هاوبەشی لەگەڵ جەیمس کامیرۆن کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، رۆژی 20ـی ئاداری 2026 لەلایەن کۆمپانیای پاراماونتەوە لە سینەماکان پێشان دەدرێت.
 
بەڵگەفیلمەکە ناوی (Hit Me Hard and Soft: The Tour)ـە و تۆمارکراوی کۆنسێرتە راستەوخۆکانی ئایڵیشە بە تەکنیکی سێ رەهەندی (3D). 
 
ئایڵیش وێنەیەکی خۆی و جەیمس کامیرۆنی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەمە یەکێک بوو لە خۆشترین گەشتە هونەرییەکانم، تۆمارکردنی ئەم گەشتە و دەرهێنانی لەگەڵ جەیمس کامیرۆن خەونێک بوو هاتەدی. بە پەرۆشم هەمووتان بیبینن".
 
لە هاوینی رابردوودا، لە میانی کۆنسێرتێکیدا لە شاری مانچێستەری بەریتانیا، ئایڵیش ئاماژەی بەم پڕۆژەیە دابوو. ئەو کات بە هەوادارانی گوت: "لەوانەیە تێبینیتان کردبێت کە لێرە کامێرا لە جارانی ئاسایی زیاترە، کار لەسەر شتێکی زۆر تایبەت دەکەم لەگەڵ کەسێک بەناوی جەیمس کامیرۆن".
 
ئەمە یەکەم ئەزموونی بەڵگەفیلمی ئایڵیش نییە؛ پێشتر بەڵگەفیلمی (Billie Eilish: The World’s a Little Blurry) و فیلمی کۆنسێرتی (Happier Than Ever)ـی بڵاوکردووەتەوە.
 
کامیرۆن بە دەرهێنانی فیلمە بەناوبانگەکانی (Titanic) و (Avatar) ناسراوە، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی (Avatar) بەناوی (Avatar: Fire and Ash) کە بڕیارە لە کانوونی یەکەمی 2025 لە سینەماکان پێشانبدرێت.