جیمی کلیف ئەفسانەی میوزیکی (رێگی) کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
جیمی کلیف، هونەرمەندی جامایکی و ئەفسانەی میوزیکی (رێگی - Reggae)، لە تەمەنی 81 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، لەتیفە چەمبەرز، هاوژینی کلیف، لە رێگەی بەیاننامەیەک لە هەژماری فەرمیی هاوژینەکەی لە ئینستاگرام، هەواڵەکەی بڵاوکردەوە.
چەمبەرز سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی نووسیویەتی: "بە خەمێکی قووڵەوە رایدەگەیێنم کە هاوژینم، جیمی کلیف، بەهۆی تووشبوونی بە گەشکە و دواتر هەوکردنی سییەکان، ماڵئاوایی لێکردین".
هەروەها سوپاسی ماڵبات، هاوڕێ و هاوپیشەکانی کردووە و پەیامێکی ئاڕاستەی هەوادارانی کردووە: "بۆ هەموو هەوادارانی لە سەرانسەری جیهان، دەمەوێت بزانن کە پاڵپشتیی ئێوە هێز بوو بۆ ئەو لە تەواوی ژیانی هونەرییدا. ئەو بەڕاستی پێزانینی بۆ خۆشەویستیی هەر یەکێک لە ئێوە هەبوو".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، چەمبەرز داوای رێزگرتن لە تایبەتمەندیی ماڵباتەکەی کردووە لەم کاتە سەختەدا و نووسیویەتی: "جیمی، ئازیزم، لە ئاشتی و ئارامیدا بنوو. زانیاری زیاتر لە کاتی خۆیدا بڵاودەکەینەوە".
جیمی کلیف بە یەکێک لەو هونەرمەندانە دەناسرێت کە رۆڵێکی سەرەکی لە ناساندنی میوزیکی رێگی هەبوو بە جیهان.