کوردێک لە ئەڵمانیا دەبێتە پاشا
رووداو- هەولێر
کوڕە کوردێکی خەڵکی دهۆك بەناوی ئیحسان عوسمان، لە ئۆپێرای" کچێك لە حەرەمسەرای پاشادا" رۆڵی پاشای قەیسەری ڤیلهەمی دووەم دەبینێت، کە لە هەرێمی هێسن لە شاری فیزبادنی ئەڵمانیا نمایشکرا.
ئۆپێرای" کچێك لە حەرەمسەرای پاشدا" بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و وەزیری رۆشنبیری هەرێمی هێسن و نەوەی قەیسەر ڤیلهەمی دووەم و چەندین کەسانی سیاسی و هونەری رۆژنامەوانانی ئەڵمانی و نزیکەی هەزار بینەر نمایشکرا.
ئێحسان عوسمان لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند "بابەتی ئۆپێرایەکە باسی شاری موسڵ دەکات، کە گرووپێکی داعش ٤ ئەوروپی دەرفێنن، بەڵام دواتر کوردێک هەر چوار ئەوروپیەکان بە پارە لە داعشەکان دەکڕێتەوە".
ئیحسان گوتیشی " نزیکەی ١٢٠٠٠٠٠ یەک ملیۆن ودووسەد هەزار یۆرۆ لەم کارە هونەرییە خەرجکراوە، دەکرێت بڵێین ئەمە یەکەمین ئۆپێرایە، کە لەسەر کورد و بە دیالۆگی کوردی پێشکەش بکرێت، یەکەمین کاری هونەریشە ، کە بە پارەی کورد ئەنجامنەدراوە، واتە هیچ هاوکاریەک لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم کارە وەرنەگیراوە، ئەوە بەهێزترم دەکات تاوەکو لە رێگەی شانۆ و ئۆپێرا کێشەی کورد بگەیێنم بە هەموو جیهان".
ئوڤە لاوفنبێرگ، دەرهێنەری ئەم ئۆپێرایە دەڵێت"ئێمە گەلی کوردمان لە رێگەی ئیحسان عوسمان ناسی و خوشەویستی و رێزی ئەو وایکرد، کە ئەم کارە هونەرییە گەورەیە بە کوردی نمایش بکەین".
ستێلا ئان، یەکێکە لەو ئەکتەرانەی بەشداری لە ئۆپێراکەدا کردووە ئەو دەڵیت "من خەڵکی کۆریای باشوورم، پێش ئەوەی دەست بە ئێشەکە بکەین، بە منیان گوت ئاگەداربە لەگەڵ هونەرمەندێکی کورد دەچیتە سەر تەختی شانۆ، بەڵام من گرنگیم بەم قسانە نەدا، دواتر کە هاتینە سەر تەختەی شانۆ زانیم بۆ وایان دەگوت، بەراستیش گۆرانی گوتن و نواندن لەگەڵ ئیحسان تامێکی دیکەی هەیە، زۆر شت فێربووم و ئێستاش ئاشنایەکی زۆرم لە سەر نەتەوەی کورد هەیە".
جون هویتسنرویدە، ئەویش شان بەشانی ئیحسان لە بەرهەمەکە بەشداری کردووە، ئەو سەرەتا بە کوردی دواو گوتی "کاک ئیحسان برای منە"، دواتر لەبارەی ئۆپێراکە دەڵیت " نزیکەی ١٢ ساڵە لە ئەڵمانیا کاری ئوپێرا دەکەم، کەمێک نەتەوەی کوردم دەناسی، بەڵام لەم ئوپێرایەدا ئیحسان هێندە باسی کوردی کردووە، خەریکە هەموومان دەبینە کەسانی پسپۆڕ لە کێشەی کوردا".
لە کۆتاییدا،گرووپی ئۆرکێسترای ئەڵمانی بە سروودی بژیت پاشای نوێیی خۆمان، کە لە ئاوازی میوزیکزانی بەناوبانگ مۆزارت بوو پێشكەشکرا، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین گۆرانی و هەڵپەڕکێ پێشکەشکران.