هانس زیمەر سروودی نیشتیمانی سعودیە بە شێوازێکی هاوچەرخ بەرهەمدێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تورکی ئال شێخ، راوێژکاری دیوانی پاشایەتی سعودیە لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند، هانس زیمەر، ئاوازدانەری ئەفسانەیی هۆلیوود، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سروودی نیشتیمانی سعودیە بە شێوازێکی هاوچەرخ و جیاواز.
هانس زیمەر، ئاوازدانەر و پرۆدیوسەری میوزیکی ئەڵمانییە، خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسکار و چوار خەڵاتی گرامییە، بە یەکێک لە دیارترین ئاوازدانەرەکانی ئەم سەردەمە دەناسرێت.
شەوی رابردوو 24ـی کانوونی دووەمی 2025، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی ریاز، ئەو ئاوازدانەرە چەند بەرهەمێکی میوزیکی پێشکێشکرد و خەڵاتکرا، خەڵاتەکەی لەلایەن ترکی ئال شێخ، راوێژکاری دیوانی پاشایەتی سعودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئیدارەی دەستەی گشتیی کاتبەسەربردن (GEA) پێشکێشکرا.
ئەو ئاوازدانەرە کاری میوزیکی بۆ چەندین فیلمی هۆلیوود کردووە، دیارترینیان "Lion King" و "Gladiator"، بەهۆیانەوە ناوێکی درەوشاوەیە لە سینەمادا.
هانس زیمەر، بەوە ناسراوە، میوزیکی ئۆرکێسترایی کلاسیک و میوزیکی دیجیتاڵی هاوچەرخ بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ئاوێتە یەکدی دەکات، بەهۆیەوە سەرنجی گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سینەمایی راکێشاوە.
ئەمە دەبێتە یەکەمین هاوکاریی گەورەی زیمەرە، لەگەڵ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چاوەڕوان دەکرێت شێوازە تایبەتەکەی خۆی بۆ ئاوێتەکردنی میوزیکی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی بەکاربهێنێت.
لە 40 ساڵی رابردوودا، زیمەر کاری بۆ زیاتر لە 150 پڕۆژەی سینەمایی و تەلەفزیۆنی کردووە، سامانەکەی 200 ملیۆن دۆلارە.