سەعد لمجەرەد بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو

رووداو دیجیتال

دادگەی تاوانەکان لە پاریسی فەرەنسا، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سەعد لمجەرەد، هونەرمەندی مەغریبدا سەپاند، ئەمەش لە دوای تاوانبارکردنی بە "دەستدرێژیکردنی سێکسی و لێدان" لە کچێکی فەرەنسی، لە تشرینی یەکەمی 2016ـدا.
 
دادگەی تاوانەکان رۆژی هەینی 24ـی شوباتی 2023، لە دوای حەوت کاژێر گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەکە، رایگەیاند، ئەوان دڵنیان لە روودانی دەستدرێژی سێکسییەکە و دەستبەجێ لە دوای بڕیاری دادگە، ئەو هونەرمەندە بەرەو زیندان بەڕێکرا.
 
جگە لە بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن، لە دوای تەواوکردنی ئەو ماوەیە، لمجەرەد بۆی نییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێتە نێو خاکی فەرەنسا.
 
ئەو هونەرمەندە مەغربییە، لە بەردەم دادوەر رەتیکردەوە دەستدرێژی سێکسی کردبێتە سەر لۆرا بی، یان پەیوەندی لەگەڵدا هەبووبێت.
 
دادگەییکردنەکە دووشەممە 20ـی شوباتی 2023 دەستیپێکرد و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوامبوو.
 
ئەو گۆرانیبێژە عەرەبە کە بەم دواییە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، تۆمەتی لێدان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێک لە یەکێک لە هوتێلەکانی پاریس لە 2016 خرابووە پاڵ.
 
پێشتر لمجەرەد تەمەن 37 ساڵ، بەهۆی ئەو تۆمەتەوە دەستگیرکرابوو و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا و ئەو کات بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێک لە فەرەنسا، لەو وڵاتە بوو.
 
لۆرا بی ئێستا تەمەنی 27 ساڵە و لمجەرەدی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە ئەو کات تەمەنی 20 ساڵە بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک، پێشتر ئەو گۆرانیبێژە ئازادکرابوو.
 
فەرمانبەرانی هوتێلەکە شایەتیان بۆ ئەوە دابوو کە لەو شەودا کچێکیان بینیوە بە گریانەوە هاتووەتە لایان و داوای بەهاناوەچوونی کردووە و پیاوێکی سەرخۆشیان وەستاندووە کە بەدوای کەوتبوو.
 
ئەو هونەرمەندە یەکەمجار نییە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەخریتەپاڵ، پێشتریش هەمان تۆمەتی لە ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتەکەی خراوەتە پاڵ.