ژنە دەرهێنەرێکی سەنیگالی خەڵاتی ورچی زێڕینی بەرلینالەی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

ماتی دیۆپ، دەرهێنەری سەنیگالی، لە رێگەی بەڵگەفیلمی "Dahomey" خەڵاتی ورچی زێڕینی لە 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بەدەستهێنا کە بە بەرلینالە دەناسرێت.
 
خەڵاتی ورچی زیوین بۆ باشترین ئەکتەری ژن، بەخشرایە ئیمێڵی واتسن، ئەکتەری بەریتانی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Small Things Like This"، خەڵاتی ورچی زیوین بۆ باشترین ئەکتەری پیاو، بەخشرایە سێباستیان ستان، ئەکتەری ئەمریکی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "A Different Man".
 
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، بەخشرایە نێڵسن جارلۆس دی لۆس سانتۆس ئاریاس بۆ دەرهێنانی فیلمی "Pepe" و خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەخشرایە ماتیاس گلاسنەر، بۆ سیناریۆی فیلمی "Dying".
 
"No Other Land" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا و خەڵاتی ورچی زیوینی تایبەت لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەوە بەخشرایە هۆنگ سانگسۆ دەرهێنەری فیلمی " A Traveler’s Needs" و برۆنۆ دۆمۆن، دەرهێنەری فیلمی "L’ Empire".
 
خەڵاتی باشترین فیلم لە بەشی "Encounters" بەخشرایە فیلمی "Direct Action".
 
74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە 15ـی شوباتی 2024 لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتی 2024 کۆتایی بێت، تێیدا 20 فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشداربوون و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی بەرفراوانی بۆ کرد.
 
لە خولی ئەمساڵدا 233 فیلم لە 80 وڵاتەوە بەشداربوون، زۆربەیان بەرهەمی هاوبەشی کۆمپانیاکان بوون، 20 فیلمەکەی بەشی پێشبڕکێ؛ بەرهەمی هاوبەشی 30 وڵات بوون و کێبڕکێیان بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکرد، لەو فیلمانە 19ـیان پێشاندانی یەکەمی جیهانییان لە فێستیڤاڵەکەدا بوو، لەوانەش دوو فیلمی بڵند و بەڵگەفیلمێک لە ئەڵمانیاوە.
 
فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ 'Small Things Like These' بوو لە دەرهێنانی تێم میلێنتس، دەرهێنەری بەلجیکی و هەریەک لە کیلیان مۆرفی، ئەکتەری ئیتاڵی و ئیمێلی واتسن، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
لوپیتا نیونگۆ، ئەکتەر و دەرهێنەری کینی، وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە دیاریکرا، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی فێستیڤاڵەکەدا، ژنێکی رەشت پێست ئەو پۆستە وەربگرێت.