رۆبێرت دی نیرۆ لە دەیەی هەشتەمی تەمەنیدا روو لە شاشەی بچووک دەکات


رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت دی نیرۆ، ئەکتەری ئەمریکی بە رەچەڵەک ئیتاڵی، لە دوای تەمەنی 81 ساڵیدا، روو لە شاشەی بچووک دەکات و لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. 
 
زنجیرەکە بەناوی "Zero Day"یە و چەند رۆژێکە لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە. 
 
کاتێک ناوی دی نیرۆ دێت، بە واتای ناوهێنانی ئایکۆنێکی سینەماییە کە لە دەیان فیلمدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکار و چەندین خەڵاتی دیکەی سینەماییە.
 
ئەو ئەکتەرە هەرچەند پێشتر وەک میوان لە چەند زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بەشداربووە، زیاتریش بە کەسایەتی راستەقینەی خۆی دەرکەوتووە، بەڵام وەک دیارە ئەویش کاریگەری و پڕ بینەری زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان لەم چەند ساڵەی دواییدا لەبەرچاو گرتووە و بڕیاریدا لە زنجیرەیەکدا کارەکتەری سەرەکی بێت.
 
بینەری کاتێک سەیری زنجیرەکە دەکات، بۆی روون دەبێتەوە، بۆچی ئەو ئەکتەرە رەزامەندی پێشانداوە وەک ئەکتەر و بەرهەمهێنەری جێبەجێکار تێیدا بەشدار بێت، چونکە ناوەڕۆکێکی رەخنەی سیاسی لە چوارچێوەی مژارێکی پۆلیسی لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە مژارە دڵخوازەکانیەتی. 
 
مژاری سیاسی و پۆلیسی، مژاری دڵخوازی دی نیرۆـن، پێشتریش لەم مژارانەدا کاری کردووە، لەوانەش لە فیلمی "Taxi Driver"، "The Godfather"، "Heat" و "The Killers of the Flower Moon". 
 
دی نیرۆ، بە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی بۆ دیموکراتەکان لە ئەمریکا ناسراوە، چەند جارێکیش هەوڵێست و لێدوانی دژ بە تێڕوانین و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبووە. بەشێکی چیرۆکی زنجیرەکەش لەبارەی رۆڵی سەرۆکی ئەمریکایە لە رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارساتەکاندا.
 
ناوەڕۆکی زنجیرەکە لە شەش ئەڵقە پێکهاتووە و ماوەی تێکڕایان نزیکەی شەش کاژێرە، باس لە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئەمریکا دەکرێت، بەهۆیەوە سیستەمی کۆمپیوتەریی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی یەک خولەک لەکار دەکەوێت، بەهۆیەوە ئەو وڵاتە زیانی زۆری بەردەکەوێت.
 
ئەو ئەکتەرە بە گێڕانی رۆڵی جیا جیا لە سینەمادا ناسراوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا بە رۆڵی کۆمێدی لێهاتوویی خۆی لەو ژانرەدا دەرخستووە.
 
دی نیرۆ، لە تەمەنی 79 ساڵیدا بووەتەوە باوک، هەروەها باوکی درینای تەمەن 53 ساڵ، رافائیلی تەمەن 48 ساڵ، هەردوو دووانە جولیان و هارۆنی تەمەن 29 ساڵ، ئیلیۆتی تەمەن 26 ساڵ و هێلین گرەیسی تەمەن 13 ساڵە.
 
ئەو ئەستێرە سینەماییە، دووجار خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە، یەکەمیان وەک ئەکتەری لاوەکی لە بەشی دووەمی فیلمی "The Godfather" و دووەمیان وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمی "Raging Bull".
 
دی نیرۆ، هەرچەندە زیاتر وەک ئەکتەرێکی سینەمایی ناسراوە، بەڵام سەرەتا کاری شانۆیی کردووە و لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە شانۆگەریی "جادووگەری ئۆز" رۆڵی شێری ترسنۆکی گێڕاوە.