"شاژنی رۆک ئاند رۆڵ" کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ

تینا تۆرنەر، هونەرمەندی ئەمریکی، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
نوێنەری ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە رایگەیاند، تینا تۆرنەر رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، لە دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، لە ماڵەکەیدا لە کۆسنخات لە نزیکی زیۆریخی سویسرا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
 
بەشێک لە هەوادارانی ئەو هونەرمەندە جیهانییە، لە شۆستەی نێوداراندا لە هۆلیوود؛ یادی ئەو هونەرمەندەیان کردەوە کە ئەستێرەیەکی لەو شۆستەیە پێدراوە.
 
تۆرنەر، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو کاری هونەری دەستپێکردووە و بە ستایلی رۆک ئاند رۆڵ گۆرانی گوتووە و نازناوی "شاژنی رۆک ئاند رۆڵ"ـی پێبەخشراوە و براوەی 12 خەڵاتی گرامییە.
 
بەپێی لیستی 'باشترین سەت هونەرمەند لە سەرجەم چاخەکان'ـی گۆڤاری 'رۆلینگ ستۆن' ئەو هونەرمەندە لە ریزبەندی 63دایە.