رزگار هەورامی و ناهیدە هەورامی بەرهەمێکی هاوبەش لەبارەی باوک بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
'نیەنی' بەرهەمێکی نوێی هەردوو هونەرمەند رزگار هەورامی و ناهیدە هەورامییە و ناوەڕۆکی لەبارەی باوکە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
رزگار هەورامی، لەبارەی ئەم بەرهەمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ڤیدیۆکلیپی 'نیەنی' بەرهەمێکی هاوبەشی وەفادارییەکە بۆ باوکان و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ داهاتوو بەرهەمی هاوبەشم لەگەڵ هاوژینەکەم ناهیدە هەورامی دەبێت.
ناهیدە هەورامی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ هاوژینەکەم رزگار هەورامی بە ئەشقەوە کارمان بۆ بەرهەمی 'نیەنی' کردووە و ناخمان پڕە لە هونەری جوان.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی خەمیار هەورامی و مەولەوییە و مەدرەک کەریمی لە هەورامییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە ئاوازی رزگار هەورامییە و کاری دابەشکردنی میوزیک، میکس و ماسترینگی لەلایەن کاوان محەممەدی کراوە.
کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن ماهیر نەقشبەندی لە فینلەند کراوە و بڕیارە سبەی یەکشەممە، لە کەناڵی هاوبەشی هەردوو هونەرمەند ناهید هەورامی و رزگار هەورامی لە یوتیوب بڵاوبکرێتەوە.
لەم بەرهەمەدا ئەحمەد حەدادی، ئەمیر محەممەدی، پەیام ئەحمەدی، هادی حوسێنی و کاوان محەممەدی وەک ژەنیار تێیدا بەشداربوونە و کاری تۆماری دەنگی لەلایەن ئیلپۆ لێهتینێن کراوە.