بیۆنسێ و جەی زەی دیارترین میوانی نمایشی لوی ڤیتۆن بوون لە پاریس
رووداو دیجیتاڵ
براندی بەناوبانگی فەرەنسی لوی ڤیتۆن "Louis Vuitton"، لە نمایشێکی سەرنجڕاکێشدا لە گۆڕەپانی دەرەوەی سەنتەری پۆمپیدۆ لە پاریس، نوێترین کۆمەڵە دیزاینی پیاوانی بۆ بەهار و هاوینی 2026 نمایشکرد.
کۆمەڵە دیزاینەکە لەلایەن فارێڵ ویلیامز، دیزاینەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی دیزاینکرابوون و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان، لەوانەش هەردوو هاوژین بیۆنسێ و جەی زەی، لە ریزی پێشەوەی ئامادەبووان بوون، ئەمەش هێزی کارێزمایی براندەکەی لە جیهانی فاشندا دووپات دەکاتەوە.
سپایک لی، دەرهێنەری ناسراوی ئەمریکی، یەکێک دیکە لە ئەستێرە دیارەکانی هونەریی بوو و لە نمایشەکەدا ئامادەبوو.
کۆڵێکشنی ئەمجارە رۆژی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، تێکەڵەیەک بوو لە کولتووری هیندی و ستایلی مۆدێرنی ئەوروپی. جلوبەرگەکان دیزاینی جیاوازیان هەبوو، وەک کراسی هیندی بە یەخەی خشڵدار، چاکەتی چەرمی درەوشاوە و پانتۆڵی قوماشی ئاوریشمی.
براندی لوی ڤیتۆن، کە بەشێکە لە گرووپی "LVMH"، وەک بەهادارترین براندی بواری جلوبەرگ و کەلوپەلی لوکس لە جیهاندا دەناسرێت. داهاتی گرووپەکە لە 2024 گەیشتە 84.7 ملیار یۆرۆ، ئەمەش هێز و پێگەی گەورەی براندەکە لە بازاڕی جیهانیدا دەخاتەڕوو.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس تایبەت بە جلوبەرگی پیاوان بۆ هەردوو وەرزی بەهار و هاوینی 2026، لە 25 تاوەکو 29ـی حوزەیرانی 2025 لە پاریسی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.