موكریان بەتەمای كوردستان نییە
رووداو - هەولێر
گۆرانیبێژی لاو موكریان، ئێستا كار بۆ ئەلبوومێكی نوێ دەكات بە ئامێری چەلۆ.
موكریان لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند “كار بۆ ئەلبوومێك دەكەم بە ئامێری چەلۆ، كە ناوی چەلۆ ستایلە و بەشێوەیەكی زۆر مۆدێرن و پڕۆفیشناڵانە كارم تێدا كردووە”.
بەرهەمەكەی موكریان لە حەوت تراك پێكهاتووە و یەكێك لە تراكەكان كلیپی بۆ كراوە.
موكریان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی “لەسەر ئەركی خۆم كلیپم بۆ یەكێك لە تراكەكان كردووە، هەموو كارەكانی ئەلبوومەكەم تەواو كردووە، بەڵام بۆ بڵاوكردنەوە و چاپكردنی، دەچمە توركیا، چونكە هیچ كۆمپانیایەك نییە لە كوردستان چاپ و بڵاویبكاتەوە”.
ناوبراو جگە لەو ئەلبوومە، ئەلبوومێكی گۆرانیشی ئامادە كردووە بەناوی سوێندبێ بەئەشقی تۆ، بە نیازە ئەویش بەمزووانە بڵاوبكاتەوە.