ئەمڕۆ بەڵگەفیلمێکی رووداو لەبارەی مستەفا دادار لە سلێمانی پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
'رووبارە خەمبارەکە' بەڵگەفیلمێکی بەشی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداوە لەبارەی هونەرمەند مستەفا دادار، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە؛ بە ئەمادەبوونی ئەو هونەرمەندە، یەکەم پێشاندانی لە سلێمانی بۆ بکرێت.
زانا نەوزاد، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئەیلوولی 2023، یەکەم پێشاندانی بەڵگەفیلمی 'رووبارە خەمبارەکە' لە سینەما سالم بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە باس لە ژیانی هونەریی هونەرمەند مستەفا دادار دەکات، بەشێکی باسکردنی ژیانیەتی لە دیاسپۆرا و هەستی نیشتمانپەروەری و کارەکانی لەمبارەیەوە.
هۆرێن غەریب وەک پرۆدیوسەر کاری بۆ ئەم بەرهەمە کردووە و لە وێنەگرتنی رێباز مۆتابچییە و ماوەکەی 47 خولەکە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە وەک تەواوی بەرهەمەکانی بەشی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی رووداو، لە ماوەی داهاتوودا لە رووداو پەخشبکرێت.
مستەفا دادار، هونەرمەندێکی کوردە و لە دایکبووی مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەرهەمەکانی زیاتر بە شێوازی ئۆپێرایی پێشکێش دەکات و بەشێک لە بەرهەمەکانی سروودی نیشتمانپەروەرین.
دادار لە منداڵییەوە گۆرانی گوتووە، بەڵام دەستپێکی کاری ھونەریی بە گۆرانیی و سروودی سیاسیی بووە، لە 1978 بۆ یەکەم جار لە خانەی جەوانانی مەھاباد لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند، لەوانە جەمال موفتی گۆرانیی پێشکێشکردووە؛ یەکێک لەو بەرهەمانەی لە دەستپێکی کاری هونەریی پێشکێشیکردووە، بەرهەمی 'هەستە پێشکەوە ئەی لاوی کورد'.
ئەو هونەرمەندە کوردە بە زمانی کوردی، فارسی، ئازەری، ئەرمەنی و ئیتاڵی گۆرانی گوتووە.