دیزاینەکانی جۆرجیۆ ئارمانی لەگەڵ شاکارەکانی رافائێل و کاراڤاجیۆ نمایش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
چەند هەفتەیەک دوای کۆچی دوایی جۆرجیۆ ئارمانی، یەکێک لە دیارترین ناوەکانی جیهانی فاشن، پێشانگەیەکی ناوازە بۆ بەرهەمەکانی لە گەلەریی هونەریی برێرا لە میلان دەکرێتەوە و داهێنانەکانی شانبەشانی شاکارە مێژووییەکانی ئیتاڵیا نمایش دەکرێن.
پێشانگەکە بە ناوی (جۆرجیۆ ئارمانی، میلان، لە پێناو خۆشەویستیدا)یە و 129 دیزاینی ئەرمانی لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا لەخۆدەگرێت. کردنەوەی ئەم پێشانگەیە تەنیا چەند هەفتەیەک دوای کۆچی دوایی ئەو دیزاینەرە بەنێوبانگە دێت، کە رۆژی 4ـی ئەیلوول لە تەمەنی 91 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
سەرەتا کاتێک گەلەریی برێرا پێشنیازی کرد پێشانگەیەک بۆ یادی 50 ساڵەی براندەکەی بکاتەوە و دیزاینەکانی لە تەنیشت تابلۆی شێوەکارە دیارەکانی وەک رافائێل و کاراڤاجیۆ دابنێت، جۆرجیۆ ئارمانی دوودڵ بوو، بەڵام دوای سەردانێکی بۆ گەلەرییەکە، ئەرمانی رازی بوو و نەخشەدانی بۆ ئەوە دانا کە کام لە کارەکانی باشترین هاوئاوازی لەگەڵ گەنجینە هونەرییەکانی برێرادا دروست دەکەن.
ئانجیلۆ کریسپی، بەڕێوەبەری گەلەریی برێرا، دەڵێت: "ئارمانی هەر لە سەرەتاوە رێکوپێکییەکی تەواو و لەخۆبوردووییەکی نیشان دا کە لەنێو کەسایەتییە گەورەکانی فاشندا دەگمەنە. بەردەوام دەیگوت کە نایەوێت راستەوخۆ بکەوێتە رکابەری لەگەڵ شاکارە گەورەکانی وەک رافائێل، مانتینیا، کاراڤاجیۆ و پیێرۆ دێلا فرانسیسکا".
بۆیە پێشانگەکە ئامانجی دروستکردنی جۆرێک لە "هاوژیانی"یە لەگەڵ کارە هونەرییەکاندا، نەک رکابەری. ئەو دیزاینانەی هەڵبژێردراون، رەنگدانەوەی کەشی هەر هۆڵێکن بەبێ ئەوەی ئەزموونی بینەری مۆزەخانەکە تێکبدەن، هەروەک چۆن ئارمانی بەردەوام دەیویست جلوبەرگەکانی جوانیی کەسەکان دەربخەن، نەک زاڵ بن بەسەریاندا.
یەکێک لەو نموونە دیارانە، جلێکی رەساسییە کە ریچارد گێر لە فیلمی (American Gigolo) لەبەری کردبوو؛ ئەو جلەی کە بەرهەمەکانی ئارمانی بە جیهان ناساند.
هەروەها عەزییەکی شین لە دەروازەی پێشانگەکەدا لە بەرامبەر پاشخانێکی فرێسکۆیی دانراوە. سێ عەزیی دیکەش لە بەرامبەر شاکارەکەی رافائێل دەدرەوشێنەوە و چنین و نەخشەکانیان رەنگدانەوەی ئەندازەی وردی ئەو هونەرمەندەی سەردەمی رێنیسانسە.
پێگەی ئارمانی لە جیهانی فاشندا تەنیا وەک دیزاینەرێک نەبوو، بەڵکو وەک شۆڕشگێڕێک بوو کە هێڵی جلوبەرگی پیاوان و ژنانی گۆڕی و چەمکی "هێزی سادەیی" هێنایە ناو فاشنەوە. دانانی کارەکانی لە تەنیشت شاکارە مێژووییەکاندا، نەمریی دیزاینەکانی دەسەلمێنێت.
ئارمانی خۆی لە کۆتا هۆڵی پێشانگەکەدا دەرکەوتنێکی هەیە، لەسەر تیشێرتێک کە رووبەڕووی تابلۆ بەنێوبانگەکەی (ماچ)ـی فرانسیسکۆ هایز دانراوە.
وێڕای کردنەوەی پێشانگەکە، خانەی فاشنی ئارمانی زنجیرەیەک چالاکیی دیکە رادەگەیێنێت کە خودی دیزاینەرەکە بۆ یادی 50 ساڵەی براندەکەی پلانی بۆ دانابوون. یەکێک لەوانە راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە بۆ پشتگیریکردنی خوێندنی منداڵان لە شەش وڵاتی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای باشوور بە ناوی (ماریو)، کە ناوی دایکی ئەرمانی بووە.
پێشانگەکە تاوەکو 11ـی کانوونی دووەمی 2026 بە کراوەیی دەمێنێتەوە.