بەرلینالە بەڕێوەبەری نوێی پرۆگرامی سندووقی سینەمای جیهانی دیاریی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین (بەرلینالە)، ساتا سیسۆکۆ، وەک سەرۆکی نوێی سندووقی سینەمای جیهانی (WCF) و پرۆگرامی (Toolbox) دیارییکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی فێستیڤاڵی بەرلینالە کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، ساتا سیسۆکۆ، سەرپەرشتیی پەرەپێدانی ستراتیژیی هەردوو پرۆگرامەکە دەکات و ئامانجی دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەنێوان دەستپێشخەرییە جیاوازەکانی (Berlinale Pro*) کە کار بۆ پشتگیریکردن لە دەنگە هونەرییە کەم نوێنەرایەتیکراوەکان دەکات و کار بۆ گەیشتنیان بە بینەرێکی فراوانتر دەکەن.
ساتا سیسۆکۆ هەر لەم مانگەدا دەستبەکار دەبێت و سەرەتا سەرنجی لەسەر پرۆگرامی (Toolbox) دەبێت، دواتر سەرکردایەتیی سندووقی سینەمای جیهانی (WCF) دەکات.
ڤینچێنزۆ بونیۆ، سەرۆکی ئێستای (WCF) کە رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە دامەزراندن و گەشەپێدانی سندووقەکە، وەک یەکێک لە پێشەنگترین دامەزراوەکانی پاڵپشتیی فیلم لە جیهاندا، لە کۆتایی 2025 و دوای 21 ساڵ "خزمەتی بەرچاو"، کارەکانی کۆتایی پێدێت.
ساتا سیسۆکۆ خاوەنی 15 ساڵ ئەزموونە لە بواری بەڕێوەبردنی هونەری، بەرهەمهێنان، دابەشکردن و فرۆشتنی نێودەوڵەتی و پێشینەیەکی سەلمێندراوی هەیە لە پاڵپشتیکردنی بەهرە جیهانییەکان. لە دوایین کاریدا لە کۆمپانیای (Paradise City Paris) کاری کردووە و یارمەتیدەر بووە لە ناساندنی دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی وەک حەیفا مەنسوور، گابرێل ماسکارۆ و بالۆجی.
تانیا مایسنەر، بەڕێوەبەری (Berlinale Pro*) رایگەیاند: "ئەزموونی بێوێنە و دڵسۆزیی ساتا سیسۆکۆ وای لێدەکات کەسی نموونەیی بێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناخی داهاتووی (WCF) و پرۆگرامی (Toolbox). توانای ئەو لە دەستنیشانکردنی بەهرە و پاڵپشتیکردنی دەنگە هونەرییە ناوازەکان، بە تەواوی لەگەڵ ئەرکی ئێمەدا بۆ پەرەپێدانی داهێنانی کولتووری لە بواری فیلمی جیهانیدا دەگونجێت".
هەر بەپێی راگەێندراوەکە کە 24ـی ئەیلوولی 2025 بۆ رووداو نێردراوە، ساتا سیسۆکۆ دەڵێت: "سندووقی سینەمای جیهانی هێزێکی سەرەکی بووە لەپشت فرەڕەنگیی دیمەنی سینەمای جیهانی و بەرگریی لەو فیلمانە کردووە کە کاریگەریی هونەری، سیاسی و کولتووریی بەهێزیان هەیە. شانازی دەکەم و زۆر دڵخۆشم سەرکردایەتییەکەی وەردەگرم. بە درێژایی ژیانی پیشەییم، سەرەڕای فشارەکانی بازاڕ، من خەباتم بۆ دەنگە نوێ و کەم نوێنەرایەتیکراوەکان کردووە، بۆیە ئەمە هەنگاوێکی سرووشتییە بۆ من".
سندووقی سینەمای جیهانی (WCF) تاوەکو ئێستا پاڵپشتیی 370 پڕۆژەی کردووە، لە فیلمی (A Separation)ـی ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری ئێرانی و فیلمی (The Mysterious Gaze of the Flamingo)ـی دیێگۆ سێسپێدێس. ئامانجی سەرەکیی سندووقەکە پاڵپشتیکردنی پڕۆژە فیلمە هونەرییەکانە لەو ناوچانەی کە ژێرخانی فیلمسازییان لاوازە.
پرۆگرامی (Toolbox) کە لە 2022 دامەزراوە، یارمەتیی بەرهەمهێنەران دەدات لەو وڵاتانەی کە نوێنەرایەتییان لە پیشەسازیی فیلمی نێودەوڵەتیدا کەمە، بۆ ئەوەی تۆڕی پیشەیی دروست بکەن و زانیاریی پیشەسازی بەدەستبهێنن. هەردوو پرۆگرامەکە لەلایەن (Creative Europe Media Strand)ـەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە 76ـەمین خولی لە 12 تاوەکو 22ـی شوباتی 2026 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، بە یەکێک لە سێ گرنگترین فێستیڤاڵی فیلم لە ئەورووپا و پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی فیلم لە جیهاندا دەناسرێت.