تابلۆیەکی پیکاسۆ بە 32 ملیۆن یۆرۆ فرۆشرا


رووداو دیجیتاڵ

تابلۆیەکی پابلۆ پیکاسۆ، کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت دەیە لەبەرچاو ونبوو بوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە بڕی 32 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 37 ملیۆن دۆلار) فرۆشرا. 
 
تابلۆکە پۆرترێتی دۆرا مارە، کە بۆ ماوەیەکی درێژ ئیلهامبەخش و هاوبەشی ژیانی پیکاسۆ بووە.
 
تابلۆکە ناوی (نیو-پەیکەری ئافرەتێک بە کڵاوێکی گوڵدارەوە. دۆرا مار)یە و لە تەممووزی 1943 کێشراوە، تێیدا دۆرا مار بە کڵاوێکی گوڵداری رەنگاوڕەنگەوە نیشان دەدات کە خۆی هونەرمەند و فۆتۆگرافەر بوو و بۆ ماوەی حەوت ساڵ هاوبەش و ئیلهامبەخشی پیکاسۆ بوو، لەو کاتەشدا پەیوەندییەکەیان بەرەو کۆتاییەکی بەئازار دەچوو.
 
کارە هونەرییەکە لە 1944 کڕدراوە و لەو کاتەوە نەخراوەتە بازاڕەوە و لەلایەن ماڵباتێکەوە پارێزراوە.
 
تابلۆکە رۆژی هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە خانەی زیادکردنی دروۆت لە پاریس فرۆشرا، دەرکەوتنەوەی ئەم کارەی بە "ساتێکی دەگمەنی پڕ بایەخ" ناسێندرا و ئاماژە بۆ ئەوە کرا، "بۆ یەکەمجار درەوشاوەیی تەواوی کارێک ئاشکرا دەکات کە بۆ ماوەیەکی درێژ بە نهێنی مابووەوە".
 
کریستۆف لوسیێن، بەڕێوەبەری زیادکردنەکە، فرۆشتنی تابلۆکەی بە کڕیارێک کە لەنێو هۆڵەکەدا ئامادەبوو، بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوبرد و گوتی، نرخەکەی زۆر لەوە بەرزتر بوو کە پێشبینی دەکرا.
 
نرخی کۆتایی تابلۆکە دوای زیادکردنی باج گەیشتە 32,012,397 یۆرۆ، کە بە وتەی لوسیێن نەک هەر لە پێشبینییەکان بەرزتر بوو، بەڵکو بەرزترین نرخیشە کە ئەمساڵ لە فەرەنسا بۆ کارێکی هونەری لە زیادکردنێکدا درابێت.
 
تابلۆکە بە "پارچەیەکی بچووکی چیرۆکی خۆشەویستی" نێوان پیکاسۆ و مار ناسێندراوە، هەرچەندە چیرۆکێکی تاڵیش بووە.
 
ئەگنێس سێڤێستر-باربێ، پسپۆڕی کارەکانی پیکاسۆ، سەرسامیی خۆی بەوە نیشاندا کە چۆن رەنگەکانی تابلۆکە بە زیندوویی ماونەتەوە و گوتی: "تابلۆکە وردەکارییەکانی بەتەواوی وەک ئەو کاتەیە کە ستۆدیۆکەی جێهێشتووە، چونکە بۆیەی پارێزەری لێنەدراوە. ئەمە تابلۆیەکە هەموو رەنگەکان و مەودا کرۆماتییەکەی هەست پێدەکەیت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر ئەم کارە تەنیا لە وێنەیەکی رەش و سپیدا بینرابوو و گوتی: "لەو وێنەیەوە نەماندەتوانی خەیاڵی ئەوە بکەین کە تابلۆکە ئەوەندە رەنگاوڕەنگ و سەرسوڕهێنەر بێت".
 
سەرەڕای ئەوەی نرخەکەی لە پێشبینییەکان زیاتر بوو، بەڵام هێشتا ناگاتە ئاستی گرانترین کارەکانی پیکاسۆ کە لە زیادکردنەکاندا فرۆشراون. لە 2023، تابلۆی بەناوبانگی (ژن بە کاتژمێرێکەوە) بە بڕی 139.4 ملیۆن دۆلار فرۆشرا. گرانترین تابلۆی فرۆشراوی پیکاسۆش (ژنانی جەزائیر)ـە کە لە 2015 بە 179.4 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.