پارێزەری فەزڵ شاکر زانیاری لەبارەی دانیشتی ئەمڕۆی دادگا بۆ رووداو دەخاتەڕوو


رووداو دیجیتاڵ

ئەمیتا موبارەک، ئەندامی تیمی پارێزەرانی فەزڵ شاکر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد، تیمەکەیان زۆر بە وریايیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکەدا دەکات، تاوەکو گوێیان لە وتەکانی بریکارەکەیان نەبێت لەبەردەم دادگای سەربازی، هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ستراتیژیی یاسایی خۆیان ئاشکرا ناکەن.
 
ئەمیتا موبارەک گوتیشی: "رێڕەوی بەرگریکردنمان دوای ئەو وتانە دیاری دەکرێت کە فەزڵ شاکر لە نێو دادگادا پێشکێشی دەکات. ئێمە چاوەڕێین بزانین بە فەرمی چی دەڵێت".
 
ئەم بێدەنگییەی تیمی بەرگری مانای ئامادەنەبوون نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ وردبینییان، بەتایبەتی کە وتەکانی فەزڵ شاکر خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆ بنیاتنانەوەی دۆسییەکە. ئەمە یەکەمجارە فەزڵ شاکر کە پێشتر بەبێ ئامادەبوونی خۆی حوکم درابوو، راستەوخۆ چیرۆکەکەی خۆی لەبەردەم دەستەی دادوەری دەگێڕێتەوە، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لەو چوار تۆمەتەی ئاراستەی کراون (ئەندامبوون لە گرووپی چەکدار و پاڵپشتیکردنیان، هەڵگرتنی چەکی جەنگی، و لێدان لە شکۆی دەوڵەت).
 
بە بڕوای سەرچاوە یاساییەکان پارێزەران نایانەوێت هیچ لێدوانێک بدەن کە وەک هێڵی بەرگریی پێشوەختە لێکبدرێتەوە، بەڵکو دەیانەوێت دوای گوێگرتن لە چیرۆکە تەواوەکە لە دەمی تۆمەتبارەوە، هەنگاوەکانیان بنێن.
 
جگە لە لایەنە یاساییەکە، دۆسییەکە رەهەندێکی میدیایی گەورەشی هەیە. جینا عەفیش، رۆژنامەڤان بە رووداوی راگەیاند، رووماڵی میدیایی دۆسییەکە لە ساڵانی رابردوودا دادپەروەرانە نەبووە و زۆرجار وەک بابەتێکی جەنجاڵی مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
 
گوتیشی: "بە ئامادەبوونی خودی شاکر لە دادگا، دەرفەتێکمان لەبەردەستە بۆ پێداچوونەوە بە رووماڵەکەدا بە پێوەرێکی وردتر. جەماوەر بەدوای راستییەکاندا دەگەڕێن نەک شەڕەقسە، دەیانەوێت تێبگەن سیاسەت لە کوێ دەستپێدەکات و میوزیک لە کوێ دەوەستێت".
 
ئوسامە ئەلفا، رەخنەگری هونەری سەبارەت بە کاریگەریی بڕیاری دادگا لەسەر داهاتووی هونەریی فەزڵ شاکر، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "فەزڵ پێگەی خۆی وەرگرتووەتەوە، ئەگەر تاوانبار بکرێت، خۆشەویستیی خەڵک بۆی زیاتر دەبێت، ئەگەر بێبەریش بکرێت، دەگەڕێتەوە و دەبێتە ئەستێرەی یەکەم".
 
ئەلفا ئاماژەی بەوەشکرد، گۆرانییەکانی ئەم دواییەی فەزڵ شاکر سەلماندیان کە هێشتا کاریگەریی بەهێزی لەسەر گۆڕەپانی هونەریی عەرەبی ماوە و گوتی: "لە حاڵەتی بێتاوان دەرچوونیدا، فەزڵ دەتوانێت ببێتە ئەستێرەی یەکەمی ئاهەنگەکان بۆ چەند ساڵی داهاتوو. خۆ ئەگەر سزاش بدرێت، خەڵکێکی زۆر وەک قوربانی سەیری دەکەن و سۆزیان بۆی دەجووڵێت".
 
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، دادگا بڕیار نادات، بەڵکو بۆ گوێگرتنە لە وتەکانی فەزڵ شاکر بۆ یەکەمجار بەشێوەی ئامادەبوو، ئەمەش وا دەکات دۆسییەکە لە سەرەتاوە دەستپێبکاتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بەڵگەکان بکرێتەوە.