جاکی چان بەهۆی کوڕەکەیەوە داوای لێبووردن دەکات

رووداو- ئاژانسەکان

جاكی جان، ئەستێرەی سینەمایی جیهانی بە هۆی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە لایەن جای سی چانی كوڕیەوە، دووبارە داوای لێبووردن دەكات و دەڵێت، كە ئەو هەست بە شەرم دەكات بە هۆی ئەو بابەتەوە، وەكو ئاژانسی هەواڵەكانی چین باسیكردووە.

لەم هەفتەیەدا دادگای ئەو وڵاتە بە فەرمی تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری بە سەر جای سی چانی تەمەن 32 ساڵان چەسپاند.

جای سی چان، كە ئەكتەر و گۆرانیبێژە، لە هاوینی ئەمساڵدا لە پەكین دەستبەسەركرا، دوای ئەوەی لە تاقیكردنەوەكاندا ئاشكرا، بوو، كە مەریگوانای بەكارهێناوە، پۆلیس باسی ئەوەش دەكات، كە 100 گرام لە ماددە هۆشبەرەكان لە ماڵەكەیدا گیراوە.

لە لیدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی شینخوا، جاكی چان گوتی، " هیوادارم لە ئایندەدا جای ببێت بە گوتەبێژی دەزگای رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و ئەم چیرۆكەی بە سەر خۆیدا هاتووە بۆ گەنجەكان بگێرێتەوە".

جاكی چان لە مانگی ئابی رابردوو لە دوای دەستبەسەركردنی كوڕەكەی بە پەرۆشەوە داوای لێبووردنی لە هەوادارانی كرد.

وەكو ئاژانسەكان باسی دەكەن، ئەستێرەی سینەمایی جوڵە و كۆمیدیا جاكی چانی تەمەن 60 ساڵ، سەرپەرشتی لێژنەی نیشتیمانی چین بۆ بەرەوڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی لە ساڵی 2009ـدا كردووە.