كەژێ هاوتا: تەمەنی من هی ئەوە نییە گۆرانی ئەڤینی بڵێم
رووداو- هەولێر
باوكی لە هەشتاكانەوە گۆرانی دەڵێت و سەردەمانێك ناوێكی دیار بوو، بەڵام ئەو ئێستا خەریكە لە باوكی بەناوبانگتر دەبێت، هاوتا ئەسعەد كە لە كاتی ئەو هەڤپەیڤینەدا لە تەنیشت كچەكەی دانیشتبوو، دەیگوت "ئێستا دەچمە زۆر شوێن، دەڵێن ئەوە باوكی كەژێیە".
كەژێ تەمەنی 14 ساڵە و تاقانەی 4 برایە، تەمەنی 4 ساڵان بووە كە بۆ یەكەمجار لەسەر تەختی شانۆ وەستاوە و گۆرانی گوتووە. ئێستا قوتابی قوتابخانەی عیشقی نموونەییە لە شاری هەولێر و ماوەیەك لەمەوبەر بە نوێنەرایەتی عێراق هەڵبژێردرا بۆ بەشداری لە ئۆلۆمپیادی گۆرانی لە توركیا كە 180 وڵات بەشداری تێدا دەكات و بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە شاری ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت.
رووداو: بەشداریت لەو ئۆڵۆمپیادە بە رێكەوت بوو یان لەسەر داوای قوتابخانەكەت بوو؟
كەژێ: لە راستیدا كۆمەڵێك كەس بووین كە لەلایەن ئیدارەی قوتابخانەوە داوامان لێكرا بەشداری لەو ئۆڵۆمپیادە بكەین، لە نێوان 12 كەس من وەك نوێنەری عێراق هەڵبژێردرام.
رووداو: مەرجەكانی بەشداری لەو ئۆڵۆمپیادە چین؟
كەژێ: سەرەتا لیژنەیەك دادەنیشن و تۆش گۆرانی دەڵێی، ئیدی بەپێی دەنگ و چۆنیەتی گوتنی گۆرانییەكەت هەڵتدەبژێرن، واتا تەنیا مەرجیان دەنگە.
رووداو: چانست هەبوو سەركەوتیت بۆ پلەی كۆتایی لەسەر ئاستی عێراق بۆ ئەو ئۆڵۆمپیادە، یان ركابەرت هەبوو، تۆ لە كامیان دەترسای؟
كەژێ: سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە توانیم بگەمە ئەو قۆناغە، ئێستا لە سێیەم قۆناغدام و سێ قۆناغی دیكەم ماوە، ئەوە بۆ من زۆرە كە بگەمە ئەوێ و لە هیچ یەك لە ركابەرەكانم نەترسام.
رووداو: تا چەند متمانەت بە خۆت هەیە بگەیتە فیناڵی ئۆڵۆمپیادەكە؟
كەژێ: متمانەیەكی تەواوم بە خۆم و بە دەنگم هەیە كە بگەمە فیناڵی ئۆڵۆمپیاد.
رووداو: محەممەدی برات لە زۆر لە گۆرانییەكانت لەگەڵت دەردەكەوێت، نێوانتان چۆنە؟
كەژێ: محەممەد دووەم مامۆستای منە، زۆربەی كات بەیەكەوەین و ئەو هاوكاریم دەكات لە كاتی پرۆڤە. وەك ئاشكرایە زۆربەی كارەكانم لەگەڵ محەممەدی برامە، میلۆدیم بۆ دادەنێت بەهۆی ئەوەی ئەویش ژەنیاری ئامێری ئۆرگە.
رووداو: باوكت هونەرمەندێكی دیارە، تا چەند كاریگەری لەسەر تۆ هەبووە؟
كەژێ: باوكم مامۆستا و هاوڕێی من بووە هەمیشە. ئەو فێری هونەری كردم، ئەگەر هاندان و پشتگیری ئەو نەبووایە من بەهیچ شێوەیەك نەدەگەیشتمە ئەو قۆناغە.
رووداو: لەگەڵ دایكت نێوانتان چۆنە، هاوكاریت دەكات لە كارە هونەرییەكانت؟
كەژێ: دایكم نزیكترین هاوڕێی منە، چونكە من تاقانەم لە ماڵەوە. زۆرجار لەگەڵ دایكمم و ئەویش هاندەرێكی سەرەكی منە لە كارە هونەرییەكانم، تەنانەت لە چۆنیەتی لەبەركردنی جلوبەرگ لەكلیپەكان، هەمووی دایكم بۆم دیاری دەكات.
رووداو: پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ زیاد ئەسعەدی مامت، بۆچوونی لەسەر كارەكانت چۆنە؟
كەژێ: هەتا ئێستا بەرەوڕوو نەمدیوە، بەڵام پەیوەندییەكی باشمان هەیە و زۆر لە كار و دەنگم رازییە.
رووداو: زیاد ئەسعەد كاری بۆ زۆر لە هونەرمەندان كردووە، قەت داوات لێنەكردووە كارت بۆ بكات؟
كەژێ: لەڕاستیدا ئەو ئێستا سەرقاڵی دانانی ئاوازێكە بۆ یەكێك لە گۆرانییەكانی من.
رووداو: تۆ زیاتر گۆرانی ئاینی دەڵێیت و گۆرانی ئەڤینی ناڵێیت، ئایا باوكت رێگرتە یاخود خۆت حەز ناكەیت؟
كەژێ: نەخێر بەهیچ شێوەیەك باوكم رێگرم نییە، بەڵام تەمەنی من جارێ هی ئەوە نییە گۆرانی ئەڤینی بڵێم، بەلامەوە ئاساییە و رەنگە رۆژێك بێت گۆرانی ئەڤینداریش بڵێم.
رووداو: گۆرانییەكانت زیاتر لە كەناڵە ئیسلامییەكان لێدەدرێت، بەڵام كەناڵەكانی دیكە فەرامۆشیان كردوویت، بۆچی؟
كەژێ: رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت كە من زیاتر گۆرانی ئاینی و نیشتیمانیم گوتووە، ئەو گۆرانیانەش زیاتر لە بۆنە ئاینی و نیشتیمانییەكان لێدەدرێن.
رووداو: لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (رووداو) شەهریبانی كوردی گوتبووی"كەناڵەكان تەنیا گرنگی بە هونەرمەندە رووتەكان دەدەن" تا چەند هاوڕای لەگەڵ بۆچوونی ئەو؟
كەژێ: هاوڕام لەگەڵ قسەكەی ئەو هونەرمەندە بەڕێزە، ئەوەتا هەتا ئێستا لەلایەن هیچ كەسێكەوە دەستخۆشیم لێنەكراوە لە كاتێكدا بوومەتە نوێنەری عێراق.
رووداو: داوا پرۆژەت چییە؟
كەژێ: سەرقاڵی سێدییەكم بە ناوی "لەو رۆژەوە" كە لە 14 تراك پێكهاتووە بە زمانی توركی و كوردی گۆرانی دەڵێم، تێكست و میلۆدییەكان زۆربەی فۆلكلۆرن، كاری ستۆدیۆی نیوەی لە توركیا كراوە و نیوەی لە كوردستان، نزیكەی 7 تراكی بە تەنیا دەیڵێم، لەم مانگەدا دەیخەمە بەردەستی گوێگرانم.