شاباز زەمانی: دڵخۆشم كە پێم دەڵێن لە مستەفا زەمانی دەچیت
شاباز زەمانی، هونەرمەندێكی گەنجی شاری سلێمانییە، لە ماوەی رابردوو بەهۆی بڵاوكردنەوەی چەند گۆرانییەك ناوبانگی پەیدا كرد، هەوادارانی شاباز دەڵێن كە شێوەی ئەو گۆرانیبێژە لە "مستەفا زەمانی" ئەكتەری بەناوبانگی ئێرانی دەچێت، شاباز لەو بارەیەوە دەڵێت "هەواداری سەرسەختی ئەو ئەكتەرەم و دڵخۆشم كە وام پێدەڵێن".
شاباز لە هەڤپەیڤینێكدا وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو) دەداتەوە.
رووداو: تۆ سەرەتا بە گۆرانی میللی، بەتایبەتی بەند دەستتپێكرد، چۆن بوو بیرت لەوە كردەوە گۆرانیی پۆپ و ئارابێسك بڵێی؟
شاباز زەمانی: هەموو هونەرمەندێك بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێ، من ئێستا گۆرانیی پۆپ دەڵێم، بەڵام بۆ خزمەت و حەزی گوێگرانم ئامادەم بە هەموو شێوەیەك گۆرانی بڵێم، زۆر جار هەوادارانم زۆر حەزیان لە گۆرانییە میللییەكانی منە، هەردوو جۆری هەوادارم هەن و سوپاسیان دەكەم.
رووداو: لە هیچ كام لە گۆرانییەكانی رابردوو كە گوتووتن، پەشیمانی؟
شاباز زەمانی: بەهیچ شێوەیەك، لە هیچ شتێك پەشیمان نیم، هەمووی ئەزموونە بۆ من. گۆرانییەك لەگەڵ رۆحم نەگونجێت ناتوانم بیڵێم.
رووداو: هەفتانە لە چەندین شوێنی جیاوازی سلێمانی لایڤ میوزیك پێشكەش دەكەیت؟
شاباز زەمانی: ئێستا بارودۆخەكە وای لێهاتووە پێویستە لایڤ میوزیك بكەیت، ئەمە داهاتێكی ماددی باش بۆ من دابین دەكات، جگە لەوەش لایڤ میوزیك توانای زۆری دەوێت، پڕۆڤەیەكی باشیشە بۆ هونەرمەندان.
رووداو: كێ كاری تێكست و ئاواز بۆ بەرهەمەكانت دەكات؟
شاباز زەمانی: من بەشێك لە تێكست و ئاوازەكانی گۆرانی خۆم دەینووسم، خەڵكی دیكەش هەن هاوكاریم دەكەن، بەڵام زۆربەی تێكستەكانی گۆرانییەكانم هی خۆمن.
رووداو: باس لەوە دەكرێت كە لەگەڵ هاوژینەكەت كێشەت هەبووە؟ ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە.
شاباز زەمانی: ئەوە دوورە لە راستییەوە، هاوژینەكەمم زۆر خۆشدەوێت و هیچ كێشەیەكمان نییە بەیەكەوە، بە پێچەوانەوە نێوانمان زۆر زۆر باشە، بەهیچ شێوەیەك كێشەمان نەبووە.
رووداو: هاوژینەكەت لە كارە هونەرییەكانت هاوكاریت دەكات؟
شاباز زەمانی: بێگومان، زۆر جار جلوبەرگەكانم ئەو بۆم هەڵدەبژێرێت.
رووداو: جگە لە هاوژینەكەت گۆرانیت بۆ كەسێكی دیاریكراو گوتووە؟
شاباز زەمانی: نەخێر، من بۆ خەڵك گۆرانی دەڵێم، زۆر جار چیرۆكی هاوڕێكانم، یان هەوادارانم كە نامەم بۆ دەنێرن دەبنە تێكست و دواتریش گۆرانییەكی من، گۆرانی تایبەتم بۆ هیچ كەسێك نەگوتووە.
رووداو: لە ماوەی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ خانمێكی نمایشكار بوو بە كێشەتان، كێشەكە لەسەر چی بوو؟
شاباز زەمانی: كێشەیەكی ئەوتۆ نەبوو، من كێشەم لەگەڵ هیچ كەس نییە، ئەو بابەتە كۆتایی هات.
رووداو: پلانت هەیە كۆنسێرت بكەیت؟ هەوادارانت داوای كۆنسێرتت لێ ناكەن؟
شاباز زەمانی: راستییەكەی زۆر داوام لێدەكەن، زۆر لایەنیش لە هەولێر و سلێمانی داوایان كردووە كۆنسێرتم بۆ رێكبخەن، بەڵام من بەهۆی ئەوەی هەفتانە چەندین لایڤ میوزیكم هەیە لە سلێمانی، بیرم لە كۆنسێرت نەكردووەتەوە، كۆنسێرتیش بەڕاستی كارێكی هەروا ئاسان نییە، ئامادەكاری زۆری پێویستە، مەبەستمە كاتێك كۆنسێرت دەكەم لە ئاستی جیهانیدا بێت.
رووداو: كار و پلانی داهاتووت چییە؟
شاباز زەمانی: لە دوو هەفتەی رابردوو گۆرانییەكی نوێم بڵاوكردەوە، سوپاس بۆ خودا كاردانەوەی باشی لای خەڵكی هەبوو، سوپاسی هەوادارانم دەكەم، ئێستاش لە مانگی رەمەزان پشوو دەدەم و لایڤ میوزیك ناكەم، لە جەژنی رەمەزاندا بەرهەم و لایڤ میوزیكم دەبێت.