لە کەرکووک شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی فیلمی ئەنیمەیشن بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی فیلمی ئەنیمەیشن بەڕێوەدەچێت، لەلایەن دەزگای رۆشنبیری و هونەری کەرکووک و بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و سەندیکای هونەرمەندانی عێراق سازدەکرێت، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دیدارەکەیە.
 
سەردار زەنگەنە، بەرپرسی شەشەمین دیداری نێودەوڵەتیی فیلمی ئەنیمەیشن، بە رووداوی راگەیاند، دیدارەکە لە 29 بۆ 31ـی ئایاری 2024 سازدەکرێت، تێیدا 25 ئەنیمەیشن بەشدارن، چواریان عێراقین و یەکێکیان بەرهەمی هەرێمی کوردستانە، 20 فیلمەکەی دیکە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئەرجەنتین، ئیسپانیا، ئێران، ئوردن، میسر، جەزائیر و یەمەن بەشدارن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دیدارەکە دوو پێشبڕکێ لەخۆدەگرێت، پێشبڕکێی فیلمە عێراقییەکان و پێشبڕکێ فیلمە نێودەوڵەتییەکان، لە هەر بەشێکدا سێ خەڵات دابەش دەکرێن.
 
لە یەکەم رۆژی دیدارەکە 10 ئەنیمەیشن پێشاندەدرێن، بەیانی رۆژی دواتر دوو پانێڵ لەبارەی هونەری ئەنیمەیشن پێشکێش دەکرێن، ئێوارەی هەمان رۆژ 15 فیلم پێشاندەدرێن و خەڵاتەکان رادەگەیێندرێن.
 
رۆژی سێیەمی دیدارەکە، تایبەتە بە گەشتێک بۆ چەمی رێزان بۆ میوانانی دیدار.