تیمێكی بەریتانی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی كوردی- ئینگلیزی دێنە هەولێر

دەرهێنەری كورد كەی بەهار رایگەیاند سەرقاڵی كاركردنە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێكی سینەمایی بەناوی پێڵاو چاوبەست كە باسی ژیانی منداڵێكی كورد دەكات خەون بەوەوە دەبینێ ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، پێلێ ببینێ.
ئەو فیلمە بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و بەریتانیایە و بڕیارە ساڵی داهاتوو بەرهەم بهێندرێت.

 كەی بەهار، دەرهێنەر و نووسەری سیناریۆی ئەو فیلمە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) رایگەیاند “سیناریۆی فیلمەكە باس لە منداڵێكی تەمەن 10 ساڵانی كورد دەكات بەناوی تیشكۆ، خەونی هەرە گەورەی تیشكۆ بینینی پێلێی ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیلە لە یارییەكی نێوان بەرازیل و عێراق”.

ئەو دەرهێنەرە زانیاری زیاتر لەباری تیشكۆوە دەدات و دەڵێت “تیشكۆ باوكی نەماوە و لەگەڵ دایكی لە خانوویەكی كرێدا دەژین، تەنانەت تیشكۆ پارەی جوتێك پێڵاویشی نییە، دواتر خاوەن خانووەكە تیشكۆ و دایكی دەردەكات”.
كاتێك هەموو شت خەریكە وێران دەبێت، تیشكۆ، ئەندازیارێكی ئینگلیز دەناسێ كە لە كێڵگەیەكی نەوت لە عێراق كاردەكات. ئەو كەسە فریای تیشكۆ دەكەوێت و خەونەكەی دێنێتە دی، بەڵام بەو مەرجەی بەڵێنی پێبدات كارێكی بۆ بكات. ئینجا مستەر بلیتی یارییەكەی نێوان عێراق و بەرازیلی بۆ دەكڕێت.

كەی بەهار ئاشكرای كرد كە ستافێكی بەریتانی كار لە فیلمەكە دەكەن و گوتیشی ستافە بەریتانییەكە سەرەتای مانگی داهاتوو سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و بۆ ماوەی 10 رۆژ گفتوگۆ و چاوپێكەوتن دەكەن بۆ چۆنیەتی بەرهەمهێنانی فیلمەكە.
سەبارەت بەو كەسانەی رۆڵ دەبینن لەو فیلمەدا، كەی بەهار گوتی “بۆ رۆڵی مستەر ئینگلیز پەیوەندیمان كردووە بە ئیوان ماگریگۆر، ئەكتەری فیلمی ستار وارس، فاتۆم مێناس و ئیمیۆسیل، هەروەها بیرمان لە ئەكتەرانی وەك دانیال كرەیگ، كردووەتەوە كە لە فیلمی سكای فۆڵ و رۆد تو پێردیشن رۆڵی بینیوە”. هەروەها “بۆ رۆڵی دایكی تیشكۆ دەمانەوێت ئەم رۆڵە ببەخشین بە ئەكتەرانی فیلمی پێنەڵۆیی كروز، ناین، پایرەتس ئۆف كەڕاییەن، ئۆن ستراینجەر تایدس”.

ئەم فیلمە لە كوردستان وێنە دەگیرێت و ئەو شوێنانەی لەژێر لێكۆڵینەوەدان بۆ وێنەگرتن بریتین لە رانیە، كفری و كۆیە.