ئاینور دۆغان ئەمڕۆ کۆنسێرتێک لە لۆس ئەنجلس سازدەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئاینور دۆغان، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکا بۆ ناساندنی ئەلبوومە نوێیەکەی بەناوی (رابە)، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆنسێرتێک لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا سازدەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی رۆژنامەڤانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەکانی ئاینور دۆغان کە بۆ رووداو نێردراوە، گەشتە هونەرییەکە حەوت شاری گەورەی ئەمریکای باکوور دەگرێتەوە. لە کۆنسێرتەکاندا، ئاینور دۆغان گۆرانییەکانی ئەلبوومی (رابە) و بەرهەمە ناسراوەکانی دیکەی پێشکێش دەکرێن.
 
ئاینور دۆغان ماوەی 25 ساڵە لە چەندین شوێنی بەناوبانگی جیهان کۆنسێرت سازدەکات و کولتوور و هونەری کوردی دەناسێنێت. ئەلبوومی (رابە) کە بە بەشداریی نزیکەی 20 ژەنیاری نێودەوڵەتی تۆمارکراوە، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی هونەریی ئەو هونەرمەندەدا چاوی لێدەکرێت.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە 2024ـدا، یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەی بەناوی (بیرئانین) بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهێناوە.
 
گەشتە هونەرییەکە لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە تۆرۆنتۆی کەنەدا دەستیپێکرد و رۆژی شەممە 25ـی مانگ لە سان فرانسیسکۆی ئەمریکا کۆنسێرتێکی دیکەی سازکرد. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە زیپەر هۆڵ لە شاری لۆس ئانجلس کۆنسێرتی سێیەمی ئەنجام بدات.
 
کۆنسێرتەکانی دیکەی ئاینور دۆغان لە 28ـی تشرینی یەکەم لە قوتابخانەی ئۆڵد تاون بۆ میوزیکی فۆلکلۆر لە شیکاگۆ، 29ـی تشرینی یەکەم لە زە هامیلتن لە واشنتۆن دی سی، 31ـی تشرینی یەکەم لە سیتی واینەری لە بۆستن و لە 2ـی تشرینی دووەمیش لە سیمفۆنی سپەیس لە نیویۆرک بەڕێوەدەچن.