لە هەولێر ژمارەیەک وێنەکێش کۆدەبنەوە و پێکەوە وێنە دەکێشن
رووداو- هەولێر
لە پارکی سامی عەبدولڕەحمانی شاری هەولێر، چالاکییەکی هونەریی جیاواز بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک وێنەکێش کۆبوونەوە کە یەکدی ناناسن و پێکەوە لە نێو سرووشتدا وێنە دەکێشن. بیرۆکەکە هی کچە شێوەکارێکی دهۆکە.
لۆلاڤ پیرۆ، خاوەنی بیرۆکەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "من خۆم هونەرمەندم، لە سەردەمی کۆلێژدا چالاکیی وامان هەبوو کە رۆژانە پێکەوە کاری هونەریمان دەکرد، بەڵام دوای تەواوکردنی کۆلێژ ئەو هەستە نەما و بۆشاییەک دروست بوو. بیرم لەوە کردەوە خەڵک کۆبکەمەوە؛ نەک تەنیا ئەوانەی شارەزان، بەڵکو ئەو کەسانەش کە حەزیان لە کاری هونەرییە و دەیانەوێت کاتێکی خۆش بەسەر ببەن".
لۆلاڤ پیرۆ، لە دهۆکەوە هاتووەتە هەولێر و ستۆدیۆیەکی تایبەت بە ناوی "کوردستان" دامەزراندووە، جگە لەم چالاکییە، چالاکیی دیکەی هونەریی تێدا ئەنجام دەدات.
ئەو شێوەکارە کوردە گوتیشی: "ماوەی چەند ساڵێکە حەزم دەکرد ستۆدیۆیەکی خۆمم هەبێت، نەک تەنیا بۆ خۆم، بەڵکو بۆ خەڵکیش، چونکە چالاکی و شوێنی لەو جۆرە لێرە نییە کە بتوانیت بچیت کاری هونەریی تێدا بکەیت یان شتێکی نوێ فێر بیت. من گەشتی زۆرم کردووە و لە وڵاتانی دیکە ئەو چالاکییانەم بینیوە و بەشداریم تێدا کردوون، بۆیە ویستم ئەو ئەزموونە بهێنمەوە بۆ کوردستان".
چالاکییەکە ناوی (وێنەکێشان لەنێو سرووشت)ـە و وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، بەشداربووان لەنێو سرووشتی پارکەکەدا کۆدەبنەوە و وێنە دەکێشن. ئامانج لێی ئەوەیە خەڵکی لە رێگەی هونەرەوە یەکدی بناسن و چێژ وەربگرن. تەمەن مەرج نییە و هەمووان دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن و بەشدار بن.