ئەکتەرێکی سینەمایی داهاتی شانۆگەریی (Harry Potter) بەرزدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە برۆدوەی نیویۆرکی ئەمریکا کە ناوەندی نمایشکردنی بەهێزترین و گەورەترین بەرهەمە شانۆییەکانە، هەفتەیەکی پڕ رکابەری بەخۆیەوە بینی. شانۆگەریی (Harry Potter) بەهۆی بەشداریی ئەستێرەیەکی دیاری سینەماوە، توانی پێشەنگی بۆکس ئۆفیسی شانۆکان بگرێت.
شانۆگەریی (Harry Potter and the Cursed Child) لە ریزبەندی یەکەمی لیستی شانۆ پڕداهاتەکانی ئەمریکایە، ئەمەش دوای ئەوەی تۆم فێڵتن، ئەکتەری ناسراو، پەیوەندی بە دەستەی نواندنی شانۆگەرییەکەوە کردووە.
لە هەفتەی رابردوودا، شانۆگەریی (Harry Potter) توانی بڕی 2.97 ملیۆن دۆلار داهات کۆبکاتەوە. ئەم ژمارەیە بەرزترین داهاتی هەفتانەی شانۆکەیە لەوەتەی لە 2018ـەوە لە هۆڵی شانۆیی لیریک نمایش دەکرێت.
تێکڕای نرخی بلیتی شانۆکە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر یەک دۆلار زیادی کردووە و گەیشتووەتە 229 دۆلار، هاوکات رێژەی ئامادەبوونی بینەر لە هۆڵەکەدا 100% بووە. ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ شانۆگەرییەکە، کە لە چەند مانگی رابردوودا داهاتەکەی رووی لە دابەزین کردبوو.
سەرەڕای سەرکەوتنەکەی (Harry Potter)، شانۆگەریی (Hamilton) وەک پڕداهاترین بەرهەمی شانۆیی لە هەفتەی رابردوودا مایەوە و بڕی 3.7 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە.
لە ریزبەندی سێیەمدا، شانۆگەریی (Wicked) دێت و داهاتی 2.5 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش لە کاتێکدایە چاوەڕوانییەکان بۆ فیلمی (Wicked: For Good) کە لەم بەرهەمەوە وەرگیراوە، زیادیکردووە.
لە ریزبەندی چوارەم شانۆگەریی (Chess) بە داهاتی 2 ملیۆن دۆلار و لە ریزبەندی پێنجەم (The Lion King) بە داهاتی 1.97 ملیۆن دۆلار دێن.
شانۆگەریی (Marjorie Prime) کە لە فیلمێکی 2017ـەوە وەرگیراوە، نمایشی لە برۆدوەی دەستیپێکردووە و لە چوار نمایشدا توانی زیاتر لە 200 هەزار دۆلار کۆبکاتەوە.