بڕیارە نرخی بەکارهێنانی سپۆتیفای بەرزبکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای سپۆتیفای ئامادەکاری دەکات بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەشداریکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بڕیارە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتووەوە جێبەجێی بکات.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)، ئەم بڕیارە دەبێتە یەکەم بەرزکردنەوەی نرخ لەلایەن سپۆتیفایەوە لە دوای ساڵی 2024ـەوە، تێیدا نرخی بەشداریکردنی مانگانە بە بڕی یەک دۆلار زیادکرا و گەیشتە 11.99 دۆلار.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا روون نییە ئەمجارە بڕی زیادکردنەکە چەند دەبێت، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەرزکردنەوەکان بە بڕی یەک دۆلار بووە. پێشتریش لە 2023 نرخەکەی لە 9.99 دۆلارەوە بۆ 10.99 دۆلار بەرزکردبووەوە.
ئەم هەواڵە دەبێتە جێگەی دڵخۆشی بۆ پیشەسازیی میوزیک، چونکە کۆمپانیا گەورەکانی ئەو بوارە لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام داوای بەرزکردنەوەی نرخ بۆ بەشداربووانی پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان دەکرد.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی تۆمارکردنی ئەمریکا (RIAA)، داهاتی پەخشی بە پارە (Paid Streaming) لە کۆتایی ساڵی رابردوودا تەنیا 3.3% گەشەی کردووە، لەکاتێکدا پێنج ساڵ بەر لە ئێستا رێژەی گەشەکردنەکە نزیکەی 29% بوو.
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ قۆناخێکی راگوزەر بۆ کۆمپانیاکە. دانیێڵ ئێک، دامەزرێنەری سپۆتیفای رایگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەستبەرداری پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکار دەبێت. هاوکات هەریەک لە گوستاڤ سۆدەرسترۆم و ئەلێکس نۆرسترۆم وەک هاوبەڕێوەبەری نوێ دەستنیشان کراون.