رۆپێرت گرێنت: هەرگیز لە سێبەری (Harry Potter) دەرناچم


رووداو دیجیتاڵ

رۆپێرت گرێنت، ئەکتەری بەریتانی و پاڵەوانی زنجیرە فیلمەکانی (Harry Potter) دەڵێت، دوای 14 ساڵ لە تەواوبوونی زنجیرەکە، هێشتا لەژێر سێبەری کارەکتەری رۆن ویزلیدایە، هاوکات ئاشکرای دەکات، نامەیەکی بۆ ئەو ئەکتەرە منداڵە ناردووە کە لە زنجیرە نوێیەکەدا رۆڵەکەی ئەو دەگێڕێت.
 
لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی کریسمس لە باکووری لەندەن، رۆپێرت گرێنت (37 ساڵ) بە تۆڕی (بی بی سی) راگەیاند، سەیرە کە دەبینێت جارێکی دیکە ژیانی هاری پۆتەر دووبارە دەبێتەوە.
 
گرێنت ئاشکرای کرد، نامەیەکی بۆ ئەلیستێر ستاوت ناردووە، ئەو ئەکتەرە منداڵەی کە بڕیارە لە زنجیرە نوێیەکەی (ئێج بی ئۆ) رۆڵی رۆن ویزلی بگێڕێت.
 
گوتیشی: "پێش ئەوەی دەستپێبکەن نامەیەکم بۆ نارد، وەک ئەوەی مەشخەڵەکەی رادەست بکەم، هیوای سەرکەوتنم بۆ خواستووە. من کاتێکی زۆر خۆشم بەسەربرد لەو جیهانەدا و هیوادارم ئەویش هەمان ئەزموونی هەبێت".
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو دانیێل رادکلیف کە پێشتر رۆڵی هاری پۆتەری گێڕابوو، رایگەیاند، نامەیەکی بۆ دۆمینیک ماکلۆلین ناردووە کە رۆڵی هاری پۆتەری نوێ دەگێڕێت.
 
سەبارەت بە کاریگەریی فیلمەکان لەسەر ژیانی، گرێنت دەڵێت: "لەو بڕوایەدا نیم کە هەرگیز لە سێبەری ئەو رۆڵە دەرچم، بەڵام کێشەم لەگەڵ ئەوە نییە و بەلای منەوە شتێکی نایابە. بەردەوام حەز دەکەم خەڵک ببینم کە هەست دەکەن ئەم فیلمە بەشێک بووە لە منداڵییان".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ نواندن لە جیهانی هاری پۆتەر دا، هاوشێوەی ئەوەی تۆم فێڵتۆن کردی، گرێنت دەرگاکەی بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی: "رەنگە لە داهاتوودا، هەرگیز مەڵێ هەرگیز". جەختی لەوەش کردەوە: "بۆ ئێستا، هەرچەندە زۆرم خۆشدەویست، بەڵام چێژ لە دەرچوون و دوورکەوتنەوە لەو جیهانە دەبینم".
 

رۆپێرت گرێنت ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی جۆرجیا گروم و دوو کچەکەیدا دەژی و ئاماژەی بەوەش کرد، رێگری لە کچەکانی ناکات ئەگەر لە داهاتوودا بیانەوێت بەشداری لە زنجیرە فیلمەکاندا بکەن.