هاوڕێكانی جێگر عەزیز باسی نهێنییەكانی ژیانی دەكەن
رووداو- هەولێر
بەنیاز بوو بۆ بەیانیی رۆژی دواتر دەنگی یەكێك لە گۆرانییەكانی تۆمار بكات، دوێتێكی دیكە لەگەڵ دەریا كاروان بكات، بەدوای سپۆنسەردا دەگەڕا بۆئەوەی گۆرانیی دایە كلیپ بكات. بەنیاز بوو دوو گۆرانیی نوێ تۆمار بكات. لە یەكێك لە گۆرانییەكانیدا باسی مردنی كردبوو، وەكو ئەوەی جێگر عەزیز پێشبینی مردنی خۆی كردبێ.
هەفتەی رابردوو، هەواڵی كوژرانی جێگر عەزیز، گۆرانیبێژی گەنج و قوتابیی كۆلێژی هونەرە جوانەكان گەرمترین هەواڵی میدیاكانی كوردستان بوو، پۆلیسی هەولێر رایگەیاند جێگر لە ماڵی یەكێك لە هاوڕێكانی، بە دەستی هاوڕێیەكی خۆی بە چەقۆ كوژراوە، دوای چەند كاژێرێك لە كوژرانی، بكوژ دەستگیركرا.
هاوڕێكانی ئەم گۆرانیبێژە گەنجە، كوشتنی جێگر عەزیز بە تاوانێكی گەورە وەسف دەكەن و دەڵێن جێگر گەنجێك بوو لە سەرەتای دەركەوتن و كارە هونەرییەكانیدا بوو.
نیهاد سابیر، خاوەنی ستۆدیۆی لاوژە لە شاری هەولێر دەڵێت ماوەیەك لەمەوبەر جێگر نوێترین گۆرانی خۆی لە ستۆدیۆكەی ئەودا تۆمار كرد، گۆرانییەكە بەناوی دایە بوو، باس لە كوڕە پێشمەرگەیەك دەكات كە شەهید دەكرێت. نیهاد دەڵێت "ئێستا ئەگەر گوێ لە گۆرانییەكە بگریت، هەست دەكەیت جێگر لەو كاتەدا ئەو گۆرانییەی بۆ مەرگی خۆی گوتووە".
نیهاد هێشتا بەلایەوە قورسە كە بڵێت جێگر لە ژیاندا نەماوە و زۆر پەسنی دەدات و دەڵێت "كوڕێكی زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، هەرگیز كەسێكی شەڕانگێز نەبووە. لەو كەسانە بوو ئەگەر لێشی بدەی، وەڵامت نەداتەوە".
چیرۆكی كوشتنی جێگر رۆژانە بەشێوازی جیاواز دەماودەم دەكات، بەڵام تەواوی گێڕانەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە جێگر لە ماڵی هاوڕێیەكی خۆی لە شاری هەولێر لەسەر دەمەقاڵەیەك كوژراوە.
رێكان ئەحمەد، دەرهێنەری تەلەفزیۆنی كە چوار ساڵە جێگر دەناسێت، دەڵێت "جێگر خاوەنی كەسایەتییەكی زۆر هێمن بوو، لەو كەسانە بوو كە ئەگەر هەڵەشت بەرامبەر كردبا وەڵامی نەدەدایەوە، بەشی زۆری كاتەكانی لە رۆژدا بە راهێنانی میوزیك و قورگی بەسەر دەبرد".
لە بارەی رووداوەكەوە رێكان دەڵێت "تووشی شۆك بووم، رۆژانە سیناریۆی جۆراوجۆر دەبیستم و نازانم بە كامیان باوەڕ بكەم، بەڵام دڵنیام ئەگەر جێگر بەهۆی شەڕكردنیش كوژرابێت هیچ هەڵەیەك و كاردانەوەیەكی خراپی نەبووە، هەموو هاوڕێكانیشی ئەوە بە باشی دەزانن".
رێكان رەتیكردەوە كە بكوژ هاوڕێی جێگر بێت و دەڵێت "جێگر و بكوژەكەی هیچ هاوڕێیەتییەكیان لە نێواندا نەبووە، بەڵكو دوور بە دوور یەكیان ناسیوە".
بە گوتەی رێكان، ئەو شەوەی جێگر كوژراوە لە یەكێك لە رێستورانتەكانی شاری هەولێر ئاهەنگێكی تایبەتی دەبێت، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەكی تەكنیكی ئاهەنگەكە ناكرێت، بۆیە جێگر دەچێتەوە ماڵی هاوڕێیەكی لە هەولێر، بكوژی جێگریش هاوڕێیەتی لەگەڵ خاوەن ماڵ دەبێت و بەیەكەوە لەوێ كۆدەبنەوە.
رێكان درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت "جێگر بە دوای سپۆنسەردا دەگەڕا بۆ گۆرانییەكی نوێ كە بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا كاری كلیپكردنی بۆ بكەین، تەواوی ئامادەكارییەكانمان كردبوو، گۆرانییەكەش بە ناوی دایە بوو، بەڵام بە داخەوە كارەكە وای لێهات".
جگە لە گۆرانی دایە، جێگر عەزیز ئامادەكاری بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمێكی دیكەش كردووە كە گۆرانییەكی دوێت بووە و جێگر ویستوویەتی بەهەمان شێوەی گۆرانیی گوڵەباخ، لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژ دەریا كاروان بیڵێت.
ئاریۆس حەمە سەعید، ئاوازدانەر و هاوڕێی جێگر عەزیز بە رووداوی راگەیاند "جێگر خەریكی تۆماركردنی گۆرانییەكی دیكەی ئەوینداری بوو لای من، میوزیكی گۆرانییەكە ئامادە بوو، تەنیا مابوو دەنگەكە ریكۆرد بكرێت".
دەشڵێت "گۆرانییەكە دوێت بوو، بڕیار وابوو جێگر لەگەڵ كچێك بیڵێت، خۆی حەزی دەكرد لەگەڵ دەریا كاروان بیڵێت، بەڵام كێشەكە ئەوەبوو دەریا لەم كاتەدا لە سوێد بوو، بۆیە بیرمان لەوە كردبووەوە ئەگەر دەریا لە ماوەیەكی نزیكدا نەگەڕێتەوە كوردستان، جێگر گۆرانییەكە لەگەڵ كچێكی دیكە بڵێ".
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كەسێك كە وا خۆی پیشاندەدا خۆشەویستی جێگر عەزیز بێت و نامەی جەرگهەژێن بڵاودەكاتەوە، لە تەواوی نامەكانیدا داوا لە "جێگرەكەی خۆی" دەكات وەڵامی بداتەوە و بە تەواوی خەڵكەكە بڵێت كە ئەو نەمردووە، هاوڕێكانی نایشارنەوە كە جێگر پەیوەندی لەگەڵ كچێكدا هەبووە، بەڵام نازانن ئەو كەسەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو نامانە بڵاودەكاتەوە خۆشەویستی جێگرە یاخود نا، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دەبێت هەمان ئەو كچە بێت كە جێگر خۆشیویستووە، چونكە لە ئەكاونتی جێگردا بەر لە كوژرانی، ئاڵوگۆڕی كۆمێنتی خۆشەویستی لە نێوان جێگر و هەمان كچدا هەبووە.
جێگر بە گۆرانیی گوڵەباخ-ی عەلی مەردان ناسرا كە بەشێوەی دوێت لەگەڵ دەریا كاروان گوتوویەتی. دوای كوژرانی جێگر، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە جێگر و دەریا پەیوەندییان هەبووبێ و ئەو كوڕەش هەر لەسەر ئەو پەیوەندییە جێگری كوشتبێ، بەڵام دەریا كاروان ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و بە (رووداو)ی گوت "من و جێگر تەنیا پەیوەندیی هاوڕێیەتیمان هەبووە و خۆشەویستم نەبووە، ئەوەی دەگوترێت هەمووی قسەی هەڵبەستراوە".
سیناریۆی جۆراوجۆر لە بارەی چیرۆكی كوژرانی جێگر بڵاودەكرێتەوە، بەڵام هاوڕێیەكی نزیكی ئەو گۆرانیبێژە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، چیرۆكەكە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە "جێگر هاوڕێیەتی لەگەڵ بكوژەكەیدا نەبووە، بەڵام هەردووكیان لە ماڵی هاوڕێیەكی دەبن لە شاری هەولێر، كە كەسوكاری هاوڕێیەكەیان لەو كاتەدا لە توركیا بوون. بكوژی جێگر لەگەڵ هاوڕێیەكی دیكەی كە ئەكتەرێكی كۆمیدییە، دەبێتە دەمەقاڵێیان، دواتر دەمەقاڵێی نێوانیان توندتر دەبێت، جێگر دێتە نێوانیان. بكوژەكە بە جێگر دەڵێت تۆ بێدەنگ بە و جنێوی پێدەدات، جێگریش وەڵامی دەداتەوە و دەبێتە شەڕیان".
ئەو هاوڕێیەی جێگر درێژە بە گێڕانەوەكە دەدات و دەڵێت "بكوژەكەی جێگر شوێنەكە جێدێڵێت، دوای چەند خولەكێك دەگەڕێتەوە و داوای جێگر دەكات بێتە دەرەوە، ئەویش دەچێتە دەرەوە، پاشان بكوژەكە چەند چەقۆیەك لە جێگر دەدات، یەكێك لە چەقۆكان بەر دڵی دەكەوێت. دوای كاژێرێك لە نەخۆشخانە گیانی دەردەچێ".