د. نەزەند بەگیخانی بە سێ کتێبەوە بەشداری لە فێستیڤاڵی کتێبی پاریس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا، نووسەر و شاعیری کورد دکتۆر نەزەند بەگیخانی، بە سێ کتێبی جیاواز بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کتێبی پاریس دا بکات، کە یەکێکە لە گەورەترین رووداوە کولتوورییەکانی فەرەنسا.
بەپێی زانیارییەکان، بەشداریی ئەم ساڵی نەزەند بەگیخانی بە هاوکاریی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە فەرەنسا. نوێنەرایەتییەکە چەند ساڵێکە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا گرنگی بەو نووسەر و شاعیرە کوردانە دەدات کە بە زمانی فەڕەنسی بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە.
نەزەند بەگیخانی کە وەک مامۆستای زانکۆ لە پاریس کاردەکات، لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا بەم سێ بەرهەمە بەشدار دەبێت:
1. دوێنێی سبەینێ (Le Lendemain d’Hier): ئەم کتێبە سەرەتا لە ساڵی 2013 چاپکراوە و بەهۆی گرنگییەکەیەوە لە ساڵی 2022 لەلایەن "رێکخراوی کۆمەڵگەی شاعیرانی فەرەنسی" دووبارە چاپکراوەتەوە.
2. رەنگی خۆڵ (Couleur de Sable): بەرهەمێکی هاوبەشی نەزەند بەگیخانی و شاعیر دلاوەر قەرەداخییە، کە شوکور باییز وەریگێڕاوە و لە ساڵی 2011 لەلایەن دەزگای هارماتان بڵاوکراوەتەوە.
3. ژینابەندان؛ ژن، ژیان، ئازادی (Jîna-Bendan : Femme Vie Liberté): نوێترین بەرهەمیەتی کە لە ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە ستاییش و کۆکردنەوەی بەرهەمی کۆمەڵێک شاعیری فەرەنسییە دەربارەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ژینا ئەمینی، کە بە سەرپەرشتیی نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر ئامادە کراوە.
نەزەند بەگیخانی، رەسەنی خەڵکی شاری کۆیەیە و لە ساڵی 1987ـەوە لە دەرەوەی وڵات دەژی. خاوەنی چەندین دیوانی شیعری و توێژینەوەی ئەکادیمییە بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و فەرەنسی. لە کاروانە ئەدەبییەکەی دا، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی لە کوردستان، بەریتانیا و فەرەنسا پێبەخشراوە.
فێستیڤاڵی کتێبی پاریس سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بڕیارە پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، دکتۆر نەزەند بەگیخانی لە کاژێر 05:00تاوەکو 07:00 لە شوێنی فێستیڤاڵەکە ئامادەبێت بۆ ناساندنی کتێبەکانی و واژۆکردنیان بۆ خوێنەران.
ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا هەزاران دەزگای چاپ و پەخش و رێکخراوی کولتووری جیهانی بەشدار دەبن و وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای فیکری و ئەدەبی لەنێوان نووسەران و خوێنەران هەژمار دەکرێت.