بینەری كورد ناچنە هۆڵە نوێیەكانی سینەما
سەرەڕای كردنەوەی چەند هۆڵێكی مۆدێرنی سینەما لە مۆڵەكانی شاری هەولێر، بەڵام هێشتا فیلمی كوردی كەمترین بینەری هەیە و كەمترین بینەری كوردیش لە هۆڵی سینەماكان بە دیار فیلمە بیانییەكانەوە دادەنیشن.
ئێستا لە شاری هەولێر دوو سینەمای پرۆفێشناڵ هەن، كە سەرجەم ئامێرەكانیان تازەو دیجیتاڵن، یەكێكیان لە فامیلی مۆڵ و ئەویدیكەیان لە رۆیاڵ مۆڵە و رۆژانە فیلم نمایش دەكەن. بەڵام ئەو سینەمایانە بەو هەموو پێشكەوتنەیان نەیانتوانیوە بینەری كورد راكێشنە هۆڵەكانیان.
بە فەسادخانەی دەزانن
بە فەسادخانەی دەزانن
ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی ساڵانی رابردوو رەخنەیەكی زۆر لە حكومەت گیرا، گوایە گرنگی بە سینەما نادات و هۆڵەكانی سینەما دەكاتە مۆڵ و گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل.لێرە خەڵك بە چاوێكی كەم سەیری سینەما دەكەن و هەر لەگەڵ بیستنی وشەی سینەما راستەوخۆ بە شوێنی فەساد و خراپەكاری دایدەنێن و دەیان ناو و ناتۆرەی ناشرینی بۆ دەبیننەوە”. ئەوە قسەی پشتیوان زاهید، تەمەن 30 ساڵە.
ئالە شێرزاد، تەمەن 18 ساڵ، زۆر حەز بە سەیركردنی فیلمە سینەماییەكان و چوون بۆ سینەما دەكات، بەڵام دەڵێت دایك و باوكی خۆی و هاوڕێكانیشی رێگرن لەبەردەم چوونیان بۆ سینەما، ئەو گوتی “نازانم سینەما بە چی تێگەیشتوون”.
فیلمی كوردی كەمترین بینەری هەبووە
ئەو دوو سینەمایەی هەولێر گرێبەستیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی و ئیماراتی هەیە بۆ كڕینی فیلم و نوێترین فیلمی سینەمایی دەهێننە كوردستان، ئەوان لە پاڵ فیلمە بیانییەكان فیلمی كوردیش نمایش دەكەن، بەڵام بەپێی ئامارەكانیان فیلمی كوردی كەمترین بینەری هەبووە لەو ماوەیەدا.
پیار موكاری، بەڕێوەبەری گشتی سینەما ئیمپایەر لە فامیلی مۆڵ، دەڵێت هەموو جۆرە فیلمێكی سینەمایی پیشاندەدەن وەك عەرەبی، توركی، هیندی و كوردی “بەڵام بەداخەوە فیلمی سینەمایی كوردیمان زۆر كەمە، ئەگەر هەشبێ بینەری وەك فیلمەكانی دیكە نییە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی زیاتر فیلمی ئەمریكی پێشان دەدەین”.
محەممەد گڕوی كە بلیت فرۆشە لە سینەما ئیمپایەر، قسەكانی پیار پشتڕاستدەكاتەوە و دەڵێت “لەو ماوەیەدا 13 فیلمی ئەمریكی، 1 فیلمی عەرەبی و فیلمێكی كوردیمان نمایش كردووە، تا ئێستا فیلمە كوردییەكە كەمترین بینەری هەبووە”.
بەپێی قسەی كارمەندانی ئەو دوو سینەمایانە، جگە لەوەی فیلمی كوردی كەمترین بینەری هەیە، كەمترین ئامادەبووی هۆڵەكانی سینەماش هەر كوردن. وەك محەممەد گڕوی دەڵێت “ئەوانەی هاتوون بۆ ئێرە كەمیان كورد بوون و زۆربەیان خەڵكی بیانین”. هەروەها پیاریش دەڵێت “زۆربەی ئامادەبووی هۆڵەكانی سینەما گەشتیارانی عەرەبن”.
هەمزە عەباس كە كارمەندی سینەما رۆیاڵە، دەڵێت چەند فیلمێكی كوردییان هەیە بۆ نمایشكردن لەوانەش شیرین و فەرهاد، بێكەس، ئەمریكانۆ و قاسملوو، بەڵام گوتی “فیلمە بیانییەكان بینەریان زۆرترە”.
پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وایكردووە خەڵك بە كەمی روو لە سینەماكان بكەن. سەڵاح عەبدوڵڵا، 45 ساڵ، زۆربەی ئەو فیلمە هیندی و عەرەبیانەی بینیوە كە لە هەشتاكان و سەرەتای نەوەتەكان لە سینەماكانی هەولێر نمایش دەكران، بەڵام دەڵێت ئێستا پێویستی بەوە نییە بچێتە سینەما “چونكە تەكنەلۆژیا زۆر پێشكەوتووە و دەتوانی شەوانە و رۆژانە چەندین فیلمی سینەمایی ببینی لە تەلەفزیۆن یان هەر لە رێگەی مۆبایلەكەت”.
هەورامان وریا قانیع، یەكێكە لە هۆگرانی فیلمی سینەمایی دەڵێت “سینەما ئەو چێژ و بایەخەی جارانی نەماوە، خەڵك ئێستا لە ماڵەوە دەتوانێ سەیری هەموو فیلمێكی سینەمایی بكات بەهۆی ئینتەرنێت و تەلەفیزیۆنەوە”.
هەورامان باسی هۆگری خۆی دەكات بۆ سینەما و دەڵێت “لە ساڵانی شەستەكان تا حەفتاكان، لەگەڵ مەریوانی برام كە ئەوكات شاگردی كتێبخانەی بێكەس بووین، هەموو رۆژێك دەچووین بۆ سنەما، هیچ فیلمێكی هیندی نییە نەمانبینیبێ، ئەو پارەیەی دەستماندەكەوت بە بلیتمان دەدا، ئێمە ببووین بە موشتەری رۆژانەی سینەماكان، بۆیە هەندێجار بە یەك بلیت دەیانكردینە ژوورەوە، سینەما چێژێكی تابڵێی خۆشی هەبوو، تا ئێستاش جەڕەسەكەی سینەما سیروان لە مێشكمدا دەزرنگێتەوە كە پێیدەگوتین كاتی دەستپێكردنی فیلمەكە نزیك بووەتەوە و دابنیشن”.