گرووپی مێرۆر زنجیرە کۆنسێرتێک لە هۆنگ کۆنگ سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی میوزیکی مێرۆر، کۆنسێرتێکی بۆ هۆگرانی لە هۆنگ کۆنگ گێڕا و بڕیارە زنجیرە کۆنسێرتێک بگێڕێت.
کۆنسێرتەکە رۆژی دووشەممە 25-7-2022 لە یاریگەری هۆنگ کۆنگ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هۆگرانیان بەڕێوەچوو و گوڵبژێرێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانیان پێشکێشکرد.
بەشێک لە ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەهۆی داخوازی زۆر لەسەر بلیتی کۆنسێرتەکە، لەرێگەی تیروپشکەوە بلیتیان بەدەستهێنا.
گرووپی مێرۆر، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆنگ کۆنگ، ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا، چونکە توانیان چەند کۆنسێرتێک سازبکەن، لە کاتێکدا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە زۆربەی چالاکییە هونەرییەکان وەستابوون.
بڕیارە ئەو گرووپە میوزیکییە هۆنگ کۆنگ، لە 31 ئەم مانگە و 2 تاوەکو 6 ئابی داهاتوو زنجیرە کۆنسێرتێک لە هۆنگ کۆنگ سازبکات.
گرووپی مێرۆر، لە 12 ئەندام پێکهاتووە و لە 2018 دامەزراوە و لە رێگەی بەرنامەیەکی بەهرەمەندانەوە ناوبانگی پەیداکرد، یەکەم بەرهەمی بەناوی 'In a Second' لە 3 تشرینی دووەمی 2018 بڵاوکردەوە.