کلیۆ لەین لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
کلیۆ لەین، کە بە یەکێک لە دەنگە جیاواز و دەگمەنەکانی میوزیکی جاز هەژمار دەکرا، لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
"The Stables" دامەزراوەیەکی خێرخوازی و هونەرییە و لەین لەگەڵ هاوژینە کۆچکردووەکەی دایامەزراندووە و رۆژی هەینی -بە کاتی ئەمریکا- هەواڵی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە بەریتانییەی راگەیاند، "زۆر دڵگرانین بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرۆکی شانازیی دامەزراوەکەمان، دەیم کلیۆ لەین."
کلیۆ لەین لە 1927 لە بەریتانیا لەدایک بووە. لە تەمەنی سێ ساڵیدا دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا وازی لە خوێندن هێنا و کاری کردووە، دواتر چەندین جار هەوڵەکانی بۆ بوون بە گۆرانیبێژ رەتکرانەوە.
رەنگە سەختترین نمایشی لەین لە ژیانیدا، 6ـی شوباتی 2010 بووبێت. لە کۆنسێرتێکدا کە بۆ یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی "The Stables" سازکرابوو، لە کۆتایی کۆنسێرتەکەدا بە هێمنی بە ئامادەبووانی گوت کە لەو رۆژەدا هاوژینەکەی لە نەخۆشخانە کۆچی دواییکردووە.
لەین نهێنیی مانەوەی دەنگە بەهێزەکەی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە "هیچ کات بە تەواوی هاوارم نەدەکرد و هەموو هێزی خۆمم بەکارنەدەهێنا. هەمیشە لایەنێکی پارێزگارم هەبوو و دەنگێکی ناوەکیم دەیگوت: ئەوە مەکە، بۆ تۆ و بۆ دەنگت باش نییە".